بەهۆی لێڵبوونی ئاو دابەشکردنی بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە سلێمانی و دەوروبەری وەستاوە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی لێڵبوونی ئاوی بەنداوی دووکان، هەردوو پڕۆژەی هێڵی یەک و دووی ئاوی سلێمانی راگیراون. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانیش دەڵێت، بەو هۆیەوە زیاتر لە ملیۆنێک هاونیشتمانی بێ ئاو بوون.
رۆژی دووشەممە 23ی ئاداری 2026 ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی زۆریی لێڵبوونی ئاوی بەنداوی دووکان، هەردوو پڕۆژەی هێڵی یەک و دووی سلێمانی وەستاون. تاوەکو لێڵیی ئاوەکەش کەم نەبێتەوە، ناتوانین پڕۆسەی دابەشکردنی ئاو دەستپێ بکەینەوە."
سەبارەت بەو ناوچانەی بەهۆی ئەم کێشەیەوە بێ ئاو دەبن، ئامانج جەلال گوتی، "بەشێکی شاری سلێمانی و قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی پیرەمەگروون، بازیان، شۆڕش و تەکیە بێ ئاو دەبن." ئاماژەی بەوەش کرد، وەستاندنی پڕۆژەکان بۆ پاراستنی ئامێرەکانی پاڵاوتنی ئاوە لەو زیانانەی بەهۆی لێڵییەکەوە پێیان دەگات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، لە کۆی 25 بەنداوی هەرێمی کوردستان، 20یان سەرڕێژ بوون و ئەوانی دیکەش ئاوێکی باشیان تێدا کۆبووەتەوە؛ گوتیشی: "ئێستا زیاتر لە 5 ملیار مەترسێجا ئاوی کۆگاکراومان هەیە."
لە هەفتەی رابردووەوە شەپۆلێکی بەفرو باران هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبن.