بەنداوەکان: لە 24 کاژێردا 242 ملیۆن مەترسێجا ئاو گلدراوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا 242 ملیۆن مەترسێجا ئاو لە بەنداوەکانی دەربەندیخان، دووکان و دهۆک گلدراوەتەوە.
راگەیێندراوەکە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "لە 24 کاژێری رابردوودا ئاستی بەنداوی دووکان 83 سانتیمەتر و دەربەندیخان 30 سانتیمەتر بەرز بوونەتەوە".
بەگوێرەی ئامارەکە، بەنداوی دهۆک 2.5 ملیۆن مەترسێجا ئاوی تێدا گلدراتەوە و یەک مەتر بەرز بووەتەوە. هەروەها بەنداوی گۆمەسپان لە پارێزگای هەولێر 500 هەزار مەترسێجا ئاوی تێدا گلدراوەتەوە.
بەهۆی زۆریی بارانبارینەوە، دوێنێ بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژی کرد.
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جگە لە بەنداوی دەربەندیخان، "هەموو" بەنداوە بچووک و مامناوەندەکان دیکەش سەرڕێژ بوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، 25 بەنداو لە هەرێمی کوردستان هەن؛ هەرچەندە زۆربەی ئاوەکە لە چوار بەنداوە گەورەکە (دووکان، دەربەندیخان، گۆمەسپان و دهۆک) کۆکراوەتەوە، بەڵام بەهۆی زۆریی رێژەی بارانبارینەوە، زۆربەی بەنداوە بچووکەکان پڕبوون و سەرڕێژیان کردووە.
بەشێک لەو بەنداوە بچووکانەی کە بۆ ئاودێری و حەوزی ماسی سوودیان لێ وەردەگیرێت و سەرڕێژیان کردووە، بریتین لە: (جەلی، دێگەڵە، چەمرگە، ئاقوبان، حەمامۆک، بەستۆرە و شیوە سوور) لە هەولێر؛ (دێوانە، ئاوەسپی، باوەشاسوار، حەسەن کەنووش، چەمی سمۆر و قادر کەرەم) لە سلێمانی؛ هەروەها (خنس، بێدۆهی و کەشکان) لە دهۆک.
ئەم وەرزەی بارانبارین بەراورد بە وەرزی پێشوو رێژەی بارانبارین لە تەواوی باشووری کوردستان زیادیکردووە، زیادکردنەکە لە هەندێک ناوچە دوو هێندە و هەندێک ناوچەش سێ هێندەیە.