گازی حکومیی گەیشتەوە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان؛ بوتڵی بە 8500 دینارە


رووداو دیجیتاڵ

بەگوتەی لایەنی پەیوەندیدار بۆ رووداو، گازی ماڵان رەوانەی شارەکان کراوە و لە زۆرینەی شارەکان ئەمڕۆ بەشێکی لێ دابەشکراوە.
 
رۆژی دووشەممە 23ـی ئاداری 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ بەشێکی گاز گەیشتووە و دابەشکردن دەستیپێکردووە".
 
لە هەولێر هەر خێزانێک لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە دەتوانێت مانگانە دوو بوتڵ گازی شل وەربگرێت، کە یەک بوتڵ بە 8500 دینارە.
 
دوێنێ گاز گەیشتە سلێمانی و دابەشکرا. کۆچەر تاهیر، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگەکانی گاز لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گازەکە بە نرخی پێشووی حکومەت دابەش دەکرێت، کە 8500 دینارە".
 
کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گاز گەیشتووە و دابەشکردن دەستیپێکردووە و قەیرانەکە کۆتایی دێ".
 
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک گوتیشی: "زیاتر لە 40 تۆن گاز گەیشتووەتە سنوورەکەمان، کە دەکاتە زیاتر لە 3000 بوتڵ".
 
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 1ـی ئادارەوە تاوەکو ئەمڕۆ 16 هەزار بوتڵ گازمان لە سنوورەکەمان دابەشکردووە، کە لە کەرکووکەوە دابینکراوە".
 
قایمقامی هەڵەبجە گوتیشی: "پشکی سنوورەکەمان نیوەی لە کەرکووکەوە دابیندەکرێ، بۆیە قەیرانی گاز لە ناوچەکەمان وەکو شارەکانی دیکە نەبووە. دۆخ ئاسایی بووەتەوە و چاوەڕێین لە سبەیەوە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە گازمان پێ بگات".
 
سەرچاوەی گازی شلی کەرکووک جیایە لە هەرێمی کوردستان، بۆیە لەو شارە کێشەی کەمیی گاز دروستنەبوو.
 
عەلی رەبیع، بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووک، 19ـی ئادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیج قەیرانێک دروست نەبووە؛ رۆژانە گازی ماڵان دەدرێتە هاووڵاتییان، وێستەگەکانمان بڕی پێویستیان تێدایە".
 
بەهۆی جەنگەوە لە 28ـی شوباتەوە گازی شل (LPG)ـی حکومیی لە هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە و بەهۆیەوە نرخی گازی بازرگانی بەرزبووەوە و بوتڵی گەیشتە زیاتر لە 25 هەزار دینار، لەکاتێکدا حکومیی بوتڵی بە 8500 دینارە.