لە 21ی ئاداردا نزیکەی 70 منداڵ لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک لەدایکبوون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە 21ی ئاداردا نزیکەی 70 منداڵ لە نەخۆشخانەکانی منداڵبوون لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک لەدایکبوون.
 
شوان تەحسین، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاری لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 21ـی ئاداردا 29 منداڵ لە نەخۆشخانەکەیان لەدایکبوون. 
 
بە گوتەی شوان تەحسین، نەخۆشخانەکەی ئەوان حکومییە و بۆیە تەنیا ئەو ئافرەتانەی کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەیان هاتووە، دەچنە ئەوێ.
 
شوان تەحسین گوتی، 27 منداڵ لە 29 منداڵەکە بەشێوەیەکی سرووشتی لەدایکبوون کە 16یان کوڕ و 11ەکەی دیکەیان کچ بوون، و 2 منداڵەکەی دیکەش بە نەشتەرگەری لەدایک بوون کە یەکێکیان کوڕ بووە و ئەوی دیکەش کچ. 
 
هاوکات پاکیزە عەلی، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی خانمان و منداڵبوونی فریاکەوتنی فێرکاری لە سلێمانی گوتی، لە 21ی ئاداردا 18 منداڵ لە نەخۆشخانەکەیان لەدایکبوون، کە 12ـیان کوڕ و 6ـیان کچ بوون.
 
بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی خانمان و منداڵبوونی فریاکەوتنی فێرکاری لە سلێمانی گوتی، "15 منداڵ بە سرووشتی و 3شیان بە نەشتەرگەری لەدایکبوون."
 
مەتین جەمیل، گوتەبێژی راگەیاندنی تەندروستیی پارێزگای دهۆکیش بە رووداوی گوت، "لە 21 مانگدا 21 منداڵ لە دایکبوون، کە 12ـیان کوڕن و 9ـشیان کچ بوون."