عەرەبی كەركووك لە كۆنفرانسی گۆڕان دەترسێن

رووداو- كەركووك 

ژووری ناوچە دابڕاوەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسێك لە بارەی شاری كەركووك، زۆربەی حیزبەكانیش لە شاری كەركووك پشتگیری لە ئەنجامدانی ئەو كۆنفرانسە دەكەن.

ئەحمەد عەزیز، رێكخەری ژووری ناوچە دابڕاوەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری كەركووك بە (رووداو)ی راگەیاند "لەسەر بڕیاری رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ماوەیەكە سەرقاڵی بەرنامە رێژین بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسێكی تایبەت بەشاری كەركووك". گوتیشی "كارەكان تەواو بوون و بەو نزیكانە كۆنفرانسەكە دەبەسترێ".

سەبارەت بەو بابەتانەی لەو كۆنفرانسەدا پێشكەش دەكرێن، گوتی "لەو كۆنفرانسەدا پرسی پێكەوەژیان، خزمەتگوزاری، ئەمنی و ماددەی 140 باس دەكرێن و باسی ئەو كارانەش دەكرێن، كە لە رابردوودا لەو شارەدا كراون".

بەپێی قسەی ناوبراو چەند شارەزایەكی ناوخۆیی و بیانی بۆ كۆنفرانسەكە بانگهێشت دەكرێن و دواتر راسپاردەكانی كۆنفرانسەكە دەخرێنە بەردەم سەركردایەتی سیاسی كورد و حكومەتی عێراق. گوتیشی كۆنفرانسەكە بە سەرپەرشتی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجام دەدرێت "بەڵام كۆنفرانسێكی تایبەت نییە بە گۆڕان یان پارتی و یەكێتی ئەمە بۆ بەرژەوەندی خەڵكی كەركووكە".

تەحسین كەهیە، ئەندامی لیستی بەرەی توركمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە(رووداو)ی راگەیاند "بەهەموو توانامانەوە پشتگیری لەو هەنگاوە دەكەین، چونكە سیاسەت و ژیانی رۆژانەمان ئەوەمان پێدەڵێ، كە بەهێزكردنی برایەتی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی كەركووك و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان بە گفتوگۆ باشترین رێگەچارەیە". بەڵام كەهیە پێیوایە ئەو كۆنفرانسە لە كاتێكدا سەركەوتوو دەبێ، كە زیاتر بایەخ بە برایەتی نێوان پێكهاتەكانی كەركووك بدرێ".

ئەوەی بەلای تەحسین كەهیەوە گرنگە لەو كۆنفرانسەدا باس بكرێ، دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكان بە عەدالەتی و دروستكردنی هاوبەشی سیاسی و چۆنیەتی پاراستنی دۆخی ئەمنی شاری كەركووكە.

زۆربەی ئەو كۆنفرانسانەی لەبارەی شاری كەركووك كراون، لە دەرەوەی شاری كەركووك بوون. بەڵام گۆڕان بڕیاری داوە مانگی داهاتوو كۆنفرانسەكە بە ئامادەبوونی نەوشیروان مستەفا لەناو شاری كەركووك ببەستێ.

نەجات حوسێن، ئەندامی فراكسۆنی ئیسلامی عێراقی توركمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە(رووداو)ی راگەیاند "ئومێدەوارین كۆبوونەوە و كۆنفرانسەكان لە دەرەوەی وڵاتەوە بهێنرێنەوە ناو كەركووك، چونكە سوودی زیاتر دەبێ". گوتیشی "ئەو كۆنفرانسانەی لە دەرەوەی كەركووك كراون لە بارەی كەركووك تەنیا بە هەدەردانی پارە بووە".

بە بڕوای نەجات حوسێن، ئەگەر لایەنە سیاسییەكانی كەركووك خۆیان چارەسەری كێشەكان نەكەن، هیچ لایەن و رێكخراوێكی دیكە ناتوانێت چارەسەری بكات، نموونە بە سەردانەكانی یۆنامی دێنێتەوە بۆ كەركووك "یۆنامی لەیەك ساڵدا پێنج جار نوێنەری خۆی بۆ شاری كەركووك ناردووە و بەدەیان كۆبوونەوەی داخراو و كراوەی ئەنجام داوە و نوێنەری هەموو لایەكی بینیوە و دەیان پێشنیازی هەبووە، بەڵام هیچ سوودیان نەبووە".

محەممەد خزر، ئەندامی فراكسیۆنی گردبوونەوەی كۆماری لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت "كاتێك باس لە كۆنفرانس دەكرێت ئێمە دەترسێین". ترسەكەی عەرەب وەك محەممەد خزر دەڵێت لە گفتوگۆ و دانیشتن نییە لەگەڵ پێكهاتەكان "ترسمان لە خواردنی مافەكانمان هەیە لەبەر ئەوەی پێشتر دەیان كۆنفرانسی دەرەكی كراوە و لەسەر حسابی نەتەوەی عەرەب ئەنجامەكەی نووسراوەتەوە".

محەممەد خزر، بە پێویستی دەزانێ بەر لە بەستنی هەر كۆنگرە و كۆنفرانسێك لەبارەی كەركووك، سازانێك لە نێو پێكهاتەكانی كەركووك هەبێ، چونكە بە بڕوای ناوبراو "كێشەی كەركووك لە رێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكانی كەركووكە لەسەر كێشەكانی ئەو شارە".

ئەو بەرپرسە عەرەبە دەڵێت ئەوان بەو مەرجە پشتیوانی لە بەستنی ئەو كۆنفرانسە دەكەن "كە مافەكانی 
عەرەب پارێزراو بن و راسپاردەكانیشی ببنە چارەسەری كێشەی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر كەركووك".

رێبوار تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە(رووداو)ی راگەیاند" سیاسەت لە كەركووك چەقی بەستووە و پێویستی بەجوڵاندن هەیە، بۆیە هەر لایەنێك بیەوێت ئەو كارە بكات هەنگاوێكی باش دەنێ". رێبوار تاڵەبانی پشتگیری لەو هەنگاوەی بزووتنەوەی گۆڕان دەكات، بەڵام دەڵێت "دەبێ كار بە راسپاردەكانی كۆنفرانسەكە بكات، نەك تەنیا بۆ راگەیاندن و خۆدەرخستن بێ".

ئاوات محەممەد، ئەندامی لیستی برایەتی كەركووك لەسەر لیستی یەكێتی هەرچەندە ئاگاداری بەستنی ئەو كۆنفرانسە نییە، بەڵام گوتی "بەستنی ئەو كۆنفرانسە دەچێتە خانەیەكی گرنگ، بە مەرجێك كەسانی یەكەمی پارتە سیاسییەكان ئامادەی بن".