دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: ئامادەین بۆ هەڵبژاردن

رووداو دیجیتاڵ
 
دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، ئامادەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دژی دواخستنی پرۆسەکەن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەردەوامە لەسەر هەڵوێستە نەگۆڕەکانی خۆی لەسەر زەرورەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیایکراوی خۆیدا".
 
رۆژی 10ی 6ی 2024 بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دانراوە، بەڵام بەهۆی بڕیاری بەشدارینەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ناکۆکی لەبارەی هەلومەرجی پرۆسەکە، ئەگەری دواخستنی بۆ چەند مانگێکی دیکە لە ئارادایە.
 
دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەشڵێت، "یەکگرتوو هیچ کات لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەکان نەبووە و ئەمەشی بە کردەوە سەلماندووە، یەکەم فراکسیۆن بوو لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی [پەرلەمان] لە پەرلەمانی کوردستان کشایەوە".
 
رۆژی 9ى 10ی 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی خۆی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، بەڵام لە ئایاری 2023، بە بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی پەرلەمان هەڵوەشێندرایەوە و کارەکانی تاوەکو هەڵبژاردنی ئاییندە راگیران.
 
دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "ئێمە هەڵبژاردن بە مافێکی دەستووری و سیاسی خەڵکی کوردستان دەزانین و تاکە رێگەشە بۆ گێڕانەوەی شەرعیەتی یاسایی بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەتداری".
 
تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.