لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رۆڤیا دوو کەس گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

کاژێر 03:30ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەسەر رێگەی سەرەکیی دهۆک بۆ هەولێر شۆفێرێک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە خۆی بە دیوارێکدا کێشا، لەئەنجامدا دوو سەرنشین گیانیان لەدەستدا.
 
سەعید عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بنکەی هاتووچۆی رۆڤیا بە رووداوی راگەیاند، ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری نیسان سەنترا بووە، بەپێی گوتەی شوفێرەکەی "خەوی لێکەوتووە، بۆیە تووشی رووداوەکە بووە.''
 
چوار کەس لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، دووانیان گیانیان لەدەستداوە کە تەمەنیان لەنێوان 25 بۆ 30 ساڵە بە ناوەکانی نزار شەریف و سەرباز عەلی، یەکێکی دیکەش بە سووکی بریندار بووە و شوفێرەکە سەلامەتە.
 
بەگوتەی سەعید عەبدوڵڵا، ئەو کەسانەی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، سەرجەمیان کوردی ئێزدین، کەسوکاری یەکدین و خەڵکی کۆمەڵگەی مەهەتن سەر بە قەزای شێخان.