لە ئیدارەی راپەڕین کەسێک بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵێک دەستگیرکرا

رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، کەسێک بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێکی هەشت ساڵان دەستگیرکرا. پۆلیس دەڵێت: تۆمەتبارەکە رەتیکردووەتەوە.
 
رووداوەکە 21ـی مانگ لە قەزای حاجیاوا لە ئیدارەی راپەڕین لەنێو نۆرینگەیەکی کەڵەشاخکردن روویداوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، منداڵەکە تەمەنی هەشت ساڵە و دایکی لای پۆلیس سکاڵای یاسایی تۆمار کردووە.
 
عەمید مستەفا حەسەن، بەڕێوەبەری پۆلیسی راپەڕین ئەمڕۆ (سێشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کەسێک بەو تۆمەتە دەستگیرکراوە و هیچ شتێک یەکلانەبووەتەوە."
 
رووداو زانیویەتی، دوای رووداوەکە منداڵەکە نێردراوە بۆ دادپزیشکی رانیە. سەرچاوەیەک لە پۆلیسی راپەڕین بە رووداوی گوت، "ئێمە چاوەڕوانی وەڵامی دادپزیشکین و ئەویش کاتی زیاتری دەوێت، ئەوەی هەیە تاوەکو ئەنجامی پشکینین، ناتوانرێت بگوترێت دەستدرێژی کراوە یان نا." 
 
لەبارەی چۆنیێتی رووداوەکەوە، کەسوکاری منداڵەکە بۆ ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە راپەڕین قسەیان کردووە و دەڵێن، دوای ئەوەی منداڵەکەیان بە مەبەستی شتومەک کڕین بە پاسکیل چووەتە مارکێتێکی نزیک نۆرینگەکە و ماوەیەکی زۆری پێچووە و نەگەڕاوەتەوە، دایکی بەدوایدا چووە و بینیویەتی پاسکیلی کوڕەکەی لەبەردەم نۆرینگەکە وەستاوە.
 
کەسوکاری منداڵەکە هەروەها گوتیان دوای ئەوەی دایکەکە دەچێتە نێو نۆرینگەکە، بینیویەتی خاوەن نۆرینگەکە جلەکانی لەبەر منداڵەکەی داکەندووە و ویستوویەتی دەستدرێژیی سێکسی بکاتە سەری، لەوکاتەدا دایکی هاواری کردووە و خەڵکی دەوروبەری ئاگادار کردووەتەوە. 
 
کوڕێکی تۆمەتبارەکە بە پەیامنێری رووداوی گوت، ئەوەی هەیە تەنیا تۆمەتە و جارێ هیچ قسەیەکیان بۆ گوتن نییە.