پارێزەرێکی لاهوور شێخ جەنگی: دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار رەوانەی دادگای تاوانی سلێمانی کرا
رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرێکی لاهوور شێخ جەنگی راگەیاند، دۆسیەی دەستگیرکراوانی "لالەزار" لە دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشەوە گواستراوەتەوە بۆ دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی و هەوڵ دەدەن کەیسەکە ببنە هەولێر.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، دانا تەقیەدین، یەکێک لە پارێزەرەکانی لاهوور شێخ جەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار و لاهوور شێخ جەنگی یەکەم رێکاری یاسایی خۆی وەرگرت؛ دۆسیەکە لە دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانییەوە گواسترایەوە بۆ دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی."
لەبارەی قۆناخی ئێستای کەیسەکە، دانا تەقیەدین ئاماژەی بەوە کرد، لە ئێستادا حاکم وردبینی لە نێوەڕۆکی دۆسیەکەدا دەکات، گوتیشی: "ئەگەر هەر کەموکوڕییەک لە دۆسیەکەدا هەبێت، حاکم داوا دەکات چاکبکرێنەوە، ئەگەر دۆسیەکە هیچ کەموکوڕییەکی تێدا نەبوو، ئێمە دووبارە نووسراو دەکەین و بە فەرمی داوای گواستنەوەی کەیسەکە بۆ دادگاکانی هەولێر دەکەین".
لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای، نیوەڕۆی 19ـی ئەم مانگە مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرت، دوێنێ شەو پارێزەری لاهوور جەنگی بە رووداوی رایگەیاند، لاهوور جەنگی و پۆڵادی برای، مانگرتنیان لە خواردن شکاندووە، دوای ئەوەی بەڵێنیان پێدرا دۆسیەکانیان رێکاری یاسایی وەربگرێت.
شەوی 22ـی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژەتیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ، دوای ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی رازی نەبوو خۆی رادەست بکات، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.
رۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەمجار لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.