جووتیارانی هەولێر پارەی گەنم وەردەگرن و سلێمانی و دهۆکیش چاوەڕێی بەغدان

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر رایگەیاند، رۆژی دووشەممەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیاران دەکرێت. هاوکات لە دهۆک و سلێمانی چاوەڕێی تەواوبوونی رێکارەکان و گەڕانەوەی چەکەکانن لە بەغداوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەستمان بە رێکارەکان کردووە و تەنیا هەندێک رێکاری بانکی ماون کە رۆژی یەکشەممە تەواو دەبن، بڕیاریشە رۆژی دووشەممە دەست بە دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران بکرێت."
 
ئەمە وەجبەی چوارەمـی دابەشکردنی شایستەی دارایی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە. میران بەختیار گوتی: "بۆ ئەم وەجبەیە 117 جووتیار سوودمەند دەبن؛ بەشێک لە چەکەکان کە 27 چەک دەبن لە قەزای کۆیە دابەشدەکرێن و 25 چەکیش لە هەولێر دەبن." 
 
لەبارەی سوودمەندبووان بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر دەڵێت: "ئەم وەجبەیە ئەو جووتیارانە دەگرێتەوە کە لە 23-6-2025 گەنمەکانیان رادەستی سایلۆ کردووە، چونکە دابەشکردنی پارەکە بەپێی سەرە و کاتی رادەستکردنی گەنمەکەیە".
 
دهۆک و سلێمانی چاوەڕێی بەغدان
 
پڕۆسەی دابەشکردنی پارەکە لە پارێزگاکانی دیکە هێشتا نەکەوتووەتە واری جێبەجێکردن. نازم محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی پارێزگای دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "هێشتا لە عێراقەوە وەڵاممان نەدراوەتەوە و پارەکە تەحویل نەکراوە، چاوەڕێی ئەوانین و هەر کاتێک رێکارەکان تەواو بوون، دەست بە دابەشکردنی پارەکە دەکەین."
 
لە لایەکی دیکەوە، نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "دوێنێ چەکەکانمان ناردووە بۆ بەغدا و تاوەکو بۆمان دەنێرنەوە کاتی دەوێت، بۆیە جارێ دیار نییە کەی دابەشکردنی پارەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستپێدەکات."
 
رۆژی 20ـی نیسانی 2026، سەروەر کەمال، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ حکومەتی عێراق بڕیاری دا بڕی 60 ملیار دینار وەک شایستەی دارایی جووتیاران بۆ ساڵی 2024 دابەش بکات، لەو بڕە 8 ملیار و 945 ملیۆن دینار بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە."
 
پارێزگای سلێمانی: 3 ملیار و 498 ملیۆن دینار.
پارێزگای هەولێر: 2 ملیار و 842 ملیۆن دینار.
پارێزگای دهۆک: 2 ملیار و 605 ملیۆن دینار
 
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەو گەنمەی ساڵی 2025 بەشێوازی نوێی ئاودێری بەرهەم هێنرابێت، هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێ، ئەگەر بەشێوازی کۆن ئاودرابێت هەر تۆنێکی بە 800 هەزار دینار وەردەگیرێت.
 
پار حکومەتی عێراق بڕیاری دا، تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە 10ـی حوزەیرانەوە تاوەکو 20ـی تەممووز دەرگەی سایلۆکانی هەرێمی کوردستانی کردەوە. هەروەها زیاتر لە پێنج ملیۆن تۆن گەنم لەعێراق بەرهەمهێندرا.