لە ورمێ دەست بەسەر 28 دەمانچەدا گیرا
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی پاسەوانی سنووری پارێزگای ورمێ دەڵێت، دەستیان بەسەر 28 دەمانچە و بڕێکی زۆر تەقەمەنیدا گرتووە.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، محەممەد ئەحمەدی، فەرماندەی پاسەوانی سنووری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا رووبەڕووی باندێکی بەقاچاخبردنی چەک بوونەتەوە.
بەگوتەی محەممەد ئەحمەدی، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستیان بەسەر 28 دەمانچە و 978 گوللەدا گرتووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان لەکاتی رووبەڕووبوونەوەکەدا، هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە، بەڵام فەرماندەی پاسەوانی سنووری ورمێ ئەوەشی خستەڕوو، گەڕان بەدوای قاچاخچییەکاندا بەردەوامە کە بە گوتەی ئەو بەرەو سنوورەکانی وڵاتێکی دراوسێ هەڵاتوون.
پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، باکووری کوردستان و نەخجەوانی ئازەربایجان سنوور هاوبەشی هەیە.