هەفتەی داهاتوو پارەی گەنمی بەشێک لە جووتیارانی هەولێر دابەش دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر رایگەیاند، دووشەممەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی شایستە داراییەکانی جووتیاران دەکرێت. جووتیارانی دهۆک و سلێمانیش چاوەڕێی تەواوبوونی رێکارەکان و گەڕانەوەی چەکەکانن لە بەغداوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەستمان بە رێکارەکان کردووە و تەنیا هەندێک رێکاری بانکی ماون کە رۆژی یەکشەممە تەواو دەبن، بڕیاریشە رۆژی دووشەممە دەست بە دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران بکرێت."
 
ئەمە چوارەم بەشی دابەشکردنی شایستەی دارایی جووتیارانە لە هەرێمی کوردستانە. میران بەختیار گوتی: "لە دابەشکردنەکەی ئەمجارەدا 117 جووتیار سوودمەند دەبن؛ بەشێک لە چەکەکان کە 27 چەک دەبن لە قەزای کۆیە دابەشدەکرێن و 25 چەکیش لە هەولێر دەبن." 
 
لەبارەی سوودمەندبووان بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر دەڵێت: "ئەو جووتیارانە دەگرێتەوە کە لە 23-6-2025 گەنمەکانیان رادەستی سایلۆ کردووە، چونکە دابەشکردنی پارەکە بەپێی سەرە و کاتی رادەستکردنی گەنمەکەیە.
 
دهۆک و سلێمانی چاوەڕێی بەغدان
 
نازم محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی پارێزگای دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "هێشتا لە عێراقەوە وەڵاممان نەدراوەتەوە و پارەکە نەنێردراوە، چاوەڕێی ئەوانین و هەر کاتێک رێکارەکان تەواو بوون، دەست بە دابەشکردنی پارەکە دەکەین."
 
هەروەها نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "دوێنێ چەکەکانمان ناردووە بۆ بەغدا و تاوەکو بۆمان دەنێرنەوە کاتی دەوێت، بۆیە جارێ دیار نییە کەی پارەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دابەش دەکرێت."
 
رۆژی 20ـی نیسانی 2026، سەروەر کەمال، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ حکومەتی عێراق بڕیاری دا بڕی 60 ملیار دینار وەک شایستەی دارایی جووتیاران بۆ ساڵی 2024 دابەش بکات، لەو بڕە 8 ملیار و 945 ملیۆن دینار بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە."
 
پارێزگای سلێمانی: 3 ملیار و 498 ملیۆن دینار.
پارێزگای هەولێر: 2 ملیار و 842 ملیۆن دینار.
پارێزگای دهۆک: 2 ملیار و 605 ملیۆن دینار
 
پار حکومەتی عێراق بڕیاری دا، تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە 10ـی حوزەیرانەوە تاوەکو 20ـی تەممووز دەرگەی سایلۆکانی هەرێمی کوردستانی کردەوە. هەروەها زیاتر لە پێنج ملیۆن تۆن گەنم لەعێراق بەرهەمهێندرا.
 
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەو گەنمەی ساڵی 2025 بەشێوازی نوێی ئاودێری بەرهەم هێنرابێت، هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێ، ئەگەر بەشێوازی کۆن ئاودرابێت هەر تۆنێکی بە 800 هەزار دینار وەردەگیرێت.