پەنابەرێکی کورد لە کاتی مەلەوانی لە هۆڵەندا دەخنکێت
رووداو هەولێر
هاونیشتمانییەکی باشووری کوردستان کە لە کەمپێکی پەنابەران لە هۆڵەندا دەژیا، لە ئاودا دەخنکێت و هاوڕێیەکی دەڵێت، بۆ مەلەوانی و پێشبڕکێ لەگەڵ هاوڕێکانیدا چووەتە نێو ئاوەکەوە.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 22ی ئایاری 2022 لە کەناراوەکانی شارۆچکەی هۆخەفین روویداوە و پۆلیسی لێ ئاگادارکراوەتەوە، چەند کاژێرێک تیمە تایبەتەکانی شارۆچکەکە بۆ تەرمی گەنجەکە گەڕاون، بەڵام نەیاندۆزیوەتەوە.
رۆژی دووشەممە 23ی ئایاری 2022، محەممەد شێخە ئیبراهیم، کە لە کەمپی هۆخەفین لەگەڵ گەنجەکە ژیاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەنجەکە خەڵکی سنووری بادینانە لە هەرێمی کوردستان؛ بەڵام ئەوەی من ئاگاداربم لە هەولێر ژیاون و ناوی بارزانە".
محەممەد شێخە ئیبراهیم باسی لەوەکرد، کە هێشتا تەرمی بارزان نەدۆزراوەتەوە و سەبارەت بە هۆکاری خنکانەکەشی گوتی: "بارزان لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا چوونەتە ئاوەکەوە و وەکو پێشبڕکێکردن مەلەوانییان کردووە و دواتر ژێرئاوکەوتووە و ونبووە".
پۆلیسی شارۆچکەکە رایگەیاندووە، ئەوان بەردەوام دەبن لە لێکۆڵینەوەکانیان لە دۆسییەکە و ئەمڕۆ دووشەممەش بەردەوام دەبن لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە.
بارزان پێشتر ماوەیەک لە ئەڵمانیا ژیاوە، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لە کەمپی هۆخەفین لە هۆڵەندا دەژی و وەکو محەممەد شێخە باسی کرد، تائێستا مافی وڵاتینامەی هیچ وڵاتێکی ئەوروپای بەدەستنەهێناوە.