کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق لیژنە بۆ دیاریکردنی پارەى بانگەشەى هەڵبژاردن پێکدەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لیژنەیەک پێکدەهێنێت بۆ دیاریکردنى بەرزترین ئاستى ئەو پارەیەى کە بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن خەرج دەکرێت و دیاریکردنى ئەو ئاستە لە هەڵبژاردنەکانى داهاتوودا جێبەجێدەکرێت.
رۆژی 23ـى ئایارى 2023، د. هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى پارت و رێکخراوى سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لیژنەیەک بەسەرپەرشتیى فەرمانگەکەیان پێکهێندراوە بۆ دیاریکردنى بەرزترین ئاستى ئەو پارەیەى بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن خەرج دەکرێت کە رێگەپێدراو بێت.
د. هەیمان تەحسین گوتى: "ئەو رێکارە بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و هەڵبژاردنەکانى داهاتووى پەرلەمانى عێراق پەیڕەو دەکرێت".
بڕیارە 18ـى کانوونى یەکەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت.
بەڕێوەبەرى فەرمانگەى پارت و رێکخراوى سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، لیژنەکەیان رەشنووسى پەیڕەوێک ئامادە دەکات بۆ دیاریکردنى بەرزترین ئاستى ئەو پارەیەى کە دیاریدەکرێت بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن و دواتر دەیداتە ئەنجوومەنى کۆمسیاران بەمەبەستى پەسندکردنى، بەڵام بڕى پارەکە تاوەکو ئێستا دیارینەکراوە.