دوو نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە کەلار زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلاری خەڵك دەبەن

رووداو دیجیتاڵ
 
دوو نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە کەلار مایەپووچبوونی خۆیان راگەیاندووە، ئەوەش لەکاتێکدایە زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلاری ژمارەیەک هاونیشتمانییان لایە. پارێزەرێک دەڵێت، ئەوانەی پارەیان پێداون شایەت یان پسوولەیان هەبێت، دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، یەکێک لە نووسینگەکان نزیکەی مانگێک لەمەوبەر و ئەوی دیکەش هەفتەیەک لەمەوبەر بەبێ ئاشکراکردنی هۆکارەکەی مایەپووچبوونی خۆیان راگەیاندووە.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە قەزای کەلار لە پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو نووسینگانە زیاتر لە 5 ملیۆن دۆلاری خەڵکیان لایە گوایە پارەیان بۆ خستوونەتە کارەوە، ئێستاش دەڵێن هیچ پارەیەکیان نەماوە".
 
رووداو زانیاریی لە هێزە ئەمنییەکانی کەلار و سلێمانی وەرگرتووە، کە بەهۆی نەبوونی سکاڵاوە هیچ یەکێک لە خاوەن نووسینگەکان دەستگیر نەکراون.
 
ئەوانەی پارەیان بەو نووسینگانە داوە ئامادە نین بە ئاشکرا قسەی لەسەر بکەن. رووداو لەگەڵ دوو لەو کەسانە قسەیکرد، کە یەکێکیان 45 هەزار دۆلار و ئەوی دیکەشیان 15 هەزار دۆلاری داوە بە یەکێک لەو نووسینگانە، ئەوان دەڵێن؛ هێشتا ئومێدیان هەیە پارەکەیان وەربگرنەوە، بۆیە نە قسەی لەسەر دەکەن و نە سکاڵاش تۆمار دەکەن.
 
هێزە ئەمنییەکان دەڵێن، هیچ کەسێک لەوانەی دەڵێن پارەیان براوە سکاڵایان تۆمار نەکردووە، کە سکاڵاش تۆمار نەکرێت لەسەر مایەپووچبوون هیچ کەسێک دەستگیر ناکرێت.
 
هەر ئەمڕۆ، پارێزەر ئاسۆ هاشم بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کەسانەی دەڵێن پارەیان براوە، ئەگەر پسوولەی فەرمیی یان شایەتیان نەبێت لە رووی یاساییەوە ناتوانن سکاڵا تۆمار بکەن".
 
ئەو پارێزەرە دەشڵێت: "ئەوانەی پارەیان خوراوە و دەتوانن بە شایەت بیسەلمێنن، دەتوانن بەگوێرەی مادەی 456 لە یاسای سزادان کە تایبەتە بە فێڵکردن سکاڵا تۆمار بکەن؛ ئەوانەشی پسوولەیان هەیە دەتوانن لە دادگەی مەدەنی سکاڵا تۆمار بکەن".