دوو ئاگر لە سنووری هەولێر کەوتوونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوو ئاگر لە گوندەکانی سنووری شەمامک و قوشتەپە کەوتوونەتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، خەڵکی گوندەکانی شەمامک لەبەر تین و گڕی بەهێز ناچاربوون هەڵبێن. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، بە 12 تیم خەریکی کوژاندنەوەی هەردوو ئاگرەکەن.
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاگرەکەی سنووری شەمامک زۆر گەورەیە و دانەوێڵەی گوندەکانی سنووری ناحیەی شەمامکی گرتووەتەوە. ئێستا ئاگرەکە لە گوندەکانی سیراوە، عەلیاوە و ماستاوە و چەند گوندێکی دیکەیە."
هیوا عەلی گوتیشی: "خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری شەمامک لە ترسی تەشەنەسەندنی ئاگرەکە هەڵدێن و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنی ئاگرەکەن، بەڵام بەهۆی خێرایی باوە کۆنتڕۆڵکردنی زۆر قورسە."
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە زیانی ئاگرەکە زۆر دەبێت، چونکە وەرزی دروێنەیە."
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە رووداوی گوت: "دوو ئاگر کەوتوونەتەوە؛ یەکێکیان لە دەخڵودانی گوندەکانی شەمامک و ئاگرەکەی دیکە لە سنووری قەزای قوشتەپەیە، هەردوو ئاگرەکە گەورەن."
شاخەوان سەعید گوتی، "هەشت تیمی ئاگرکوژێنەوەمان رەوانەی شەمامک کردوون و چوار تیمیشمان لە قوشتەپەن و سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکانن."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد: "لەبەر گەورەیی ئاگرەکان تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکمان لەبارەی قەبارەی زیانەکان نییە."