وەزارەتی کارەبا: بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە کارەبا لە چەند گەڕەکێکی هەولێر بڕاوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت، تۆڕی کارەبای نیشتمانی تووشی کێشەی تەکنیکی بووە و بەو هۆیەوە لە چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر کارەبا پچڕاوە.
رۆژی هەینی، 23-5-2025، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بەهۆی رەشەبا و نالەباریی کەشوهەواوە، تۆڕی کارەبای نیشتمانی تووشی کێشەی تەکنیکی بووە و لە چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر کارەبا پچڕاوە".
وەزارەتی کارەبا دەڵێت: "تیمەكانی چاككردنەوەی كارەبا لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەدان بۆ ئەوەی بە زووترین كات كارەبای نیشتمانی بۆ ئەو گەڕەکانە بگەڕێتەوە".
وەزارەتی کارەبا ئاماژە بەوەش دەکات: "تیمەكانی چاككردنەوەی كارەبا لەم هەفتەیەدا لەئامادەباشیدا دەبن بۆ ئەوەی لەكاتی هەر رووداوێکی هاوشێوەدا بە پەلە بتوانن کێشە تەکنیکییەکانی چارەسەر بکەن".
بەرەبەیانی رۆژی شەممەش وەزارەتی کارەبا روونکردنەوەیەکی دیکەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "کاژێر 9:00ی شەو (ی رابردوو) بەهۆی رەشەبایەكی خێراوە كە رووی لە هەرێمی كوردستان كرد، بووەهۆی كەوتنی هێڵەكانی پاڵەپەستۆی بەرز و كوژانەوەی ناوچەیی لە پارێزگای دهۆك و بەشێكی پارێزگای هەولێر، كە بەهۆیەوە زیاتر لە 1000 مێگاوات كارەبا لە تۆڕی كارەبای هەرێم دەرچوو".
وەزارەتی کارەبا دەڵێت: "خۆشبەختانە لەلایەن تیمەكانی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم و تیمەكانی وێستگەكانی گواستنەوەی كارەباوە لە ماوەیەكی كەمدا دۆخەكە ئاسایی كرایەوە. بەڵام تۆڕی دابەشكردنی كارەبا زیانیان بەركەوتووە و تیمەكانی چاككردنەوەی كارەبا سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشەكەن".