ئومێد خۆشناو: بەشێکی رێگەی هەولێر - کۆیە پێش جەژن دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، کارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی دەروازەی نوێی رێگەی سەرەکیی (هەولێر - کۆیە) گەیشتوونەتە قۆناخێکی پێشکەوتوو و تیمەکان شەو و رۆژ کار دەکەن بۆ ئەوەی لە کاتی دیاریکراودا تەواو ببێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند، لەسەر راسپاردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی رێگاوبانەکان، تیمە ئەندازیارییەکان تەنانەت لە رۆژانی پشووشدا بەردەوامن لە کارکردن.
پارێزگاری هەولێر گوتی، "ئێستا قیرتاوکردنی لایەکی رێگاکە دەستیپێکردووە و بڕیارە راستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی ئەم بەشە، دەست بە قیرتاوکردنی لاینەکەی دیکەش بکرێت."
ئومێد خۆشناو گوتی: "ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە بەشێکی گرنگی ئەم دەروازەیە پێش هاتنی جەژن بکرێتەوە، تاوەکو چیدیکە جەنجاڵی و قەرەباڵخیی هاتوچۆ دروست نەبێت."
لەگەڵ تەواوبوونی هەردوو لای رێگاکە، بە شێوەیەکی فەرمی هاتووچۆی شۆفێران لە رێگە لاوەکییەکانەوە دەگوازرێتەوە سەر رێگە سەرەکییە نوێیەکە، ئەمەش ئاسانکارییەکی گەورە بۆ هاتووچۆی نێوان هەولێر و کۆیە فەراهەم دەکات.
هەڵگورد وەلید، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی رێگاوبانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کارکردن لە رێگەی هەولێر - کۆیە بەردەوامە؛ هەوڵێکی جیدی هەیە کە ئۆڤەرپاسی لای مۆنۆمێنتەکە (کەسنەزان) تاوەکو جەژن بکرێتەوە بۆ ئەوەی رێگە بۆ گەشتیاران بکرێتەوە، چونکە ئێستا رێگەکە داخراوە."
لەبارەی قۆناخەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، هەڵگورد وەلید ئاماژەی بەوە کرد، رێگەکە پێشتر کرابووە سێ بەش: " بەشی یەکەمدا 40%ـی کارەکان تەواو کراوە، دووەم و سێشەمشی کەمێکی کراوە، بەڵام ئێستا کراوەتە یەک پاکێج بە کۆی گشتی تاوەکو ئێستا 24%ـی کارەکانی پڕۆژەکە جێبەجێ کراوە."
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی رێگاوبانی هەولێر باسی لەوەشکرد، کارەکان بە خێراییەکی زۆر و بە کواڵێتییەکی بەرز دەکرێن.
رۆژی 10-10-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەکەی دانا و رایگەیاند: "شۆڕشی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری دەگەیێنینە هەموو ناوچەکان بەبێ جیاوازی".
پڕۆژەی رێگەی دووسایدی هەولێر - کۆیە ساڵی 2011 بە گوژمەی 461 ملیار دینار دەست بە جێبەجێکردنی کرا، بەڵام تەنیا 100 ملیار دیناری بۆ خەرج کرا و دواتر راگیرا.