کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بۆ رووداو: بە چوار درۆن هێرش کرایە سەر کەمپەکەمان لە خەلیفان
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، لە سنووری قەزای خەلیفان بە چوار درۆن هێرش کراوەتە سەر کەمپێکیان و دەڵێت، "دوو لە درۆنەکان لەلایەن هاوپەیمانانەوە تێکشکێندراون."
رۆژی شەممە، 23ـی ئایاری 2026، ئەمجەد پەناهی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیک کاژێر 9:20 خولەک دەست بە هێرشەکان کرا، لە 20 خولەکدا بە چوار درۆن هێرش کرایە سەر کەمپەکەمان لە دۆڵی ئاڵانە لە سنووری قەزای خەلیفان."
ئەمجەد پەناهی ئاماژەی بەوە کرد، لەو چوار درۆنە، دووانیان بەر کەمپەکەیان کەوتوون و گوتی: "دوو درۆنی دیکەیان لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە تێکشکێندراون."
بەرپرسەکەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان گوتی، هێرشەکە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە تەنیا زیانی مادی هەبووە.
ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامە، بەڵام بۆردوومانەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامن، بەپێی بەدواداچوونی رووداو، لە دوای ئاگربەستەکەوە هەرێمی کوردستان بە 79 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە.