پارێزەری ئەنفالکراوان: دەبێت دۆسیەی عەجاج تکریتی بۆ دادگەی پێداچوونەوە بنێردێت


رووداو دیجیتاڵ

پارێزەرێکی دۆسیەی ئەنفالکراوان لە دۆسیەی (عەجاج) رایگەیاند، دەبێت سبەی یەکەم رێکاری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دژی (عەجاج تکریتی) دەستپێبکات و دۆسیەکە رەوانەی دادگەی پێداچوونەوە بکرێت.
 
رۆژی شەممە، 23ـی ئایاری 2026، ئەیاد کاکەیی، پارێزەری ئەنفالکراوان لە دۆسیەی (عەجاج)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی یاسا، دەبێت 24ـی ئایار، دۆسیەی عەجاج بۆ دادگەی پێداچوونەوە (تەمیز) بنێردرێت، چونکە لە دوای دەرچوونی بڕیارەکە لە 14ـی ئەم مانگە، دادوەر 10 رۆژی لەبەردەستە بۆ ناردنی دۆسیەکە."
 
ئەو پارێزەرە باسی لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا دۆسیەکە نەنێردراوە و دەڵێت: "سبەی دوایین وادەیە و دەبێت بنێردرێت. ئەگەر دادوەر نەینێرێت، پارێزەرەکەی لە دوای دەرچوونی بڕیارەکەوە 30 رۆژی لەبەردەستە تاوەکو داوای ناردنی دۆسیەکە بۆ دادگەی پێداچوونەوە بکات."
 
لەبارەی چارەنووسی سزاکە، ئەیاد کاکەیی گوتی: "چونکە سزاکە لەسێدارەدانە، بە هەموو پێوەرێک دەبێت بچێتە دادگەی پێداچوونەوە بۆ ئەوەی بڕیارەکە پەسند بکرێت و جێبەجێ بکرێت، چاوەڕوان دەکرێت سبەی یەکەم رێکاری کردەیی بۆ ئەو مەبەستە دەستپێبکات."
 
بە گوتەی ئەیاد کاکەیی، دوای ناردنی دۆسیەکە بۆ دادگەی پێداچوونەوە، ئەم هەنگاوانە دەگیرێنەبەر:
 
- دەستەیەک لە دادگەی پێداچوونەوە بڕیارەکە پەسند دەکەن.
- دۆسیەکە دەنێردرێتە سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ واژۆکردنی (مەرسوومی کۆماری).
- وەزارەتی داد و ناوخۆ لە ماوەی 30 رۆژدا بڕیاری لەسێدارەدانەکە جێبەجێ دەکەن.
 
عەجاج تکریتی، کە لە 31ـی تەممووزی 2025 دەستگیرکرا، یەکێکە لەو ناوانەی لە مێژووی ئەنفال دا بە "دڕندەیی" بەرامبەر بە کوردانی زیندانیکراو لە قەڵای نوگرە سەلمان ناوی دەهێنرێت.
 
لە 7ـی ئەم مانگەدا، 26 شایەتحاڵ و کەسوکاری ئەنفالکراوان لە بەردەم دادوەر سوێندیان خوارد و وردەکاریی ئەو تاوانانەیان گێڕایەوە کە لە نوگرە سەلمان بەرامبەریان کراوە.