گەشتی شەوانە لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە دەستپێدەکات


رووداو دیجیتاڵ

دوای کردنەوەی فڕۆکەخانەکە، ئەمشەو گەشتی شەوانە لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە دەکرێ و هەفتانە فڕۆکەخانەکە سێ گەشتیی شەوانەی دەبێ. 
 
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی کەرکووک، ئەمڕۆ 23 ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمشەو بۆ یەکەم جار گەشتی شەوانە لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە دەستپێدەکات.
 
هەردی سەمەد ئاماژەی بەوەکرد، لەمەودوا هەفتانە سێ گەشتی شەوان لە فڕۆکەخانەکەوە دەبن کە رۆژانی شەممە، سێشەممە و پێنجشەممە دەبن.
 
دوای زیاتر لە دوو مانگ لە وەستانیان لە ئەنجامی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، رۆژی یەکی ئایاری 2026 گەشتی ئاسمانیی نێوان کەرکووک و ئەنقەرە دەستیپێکردەوە. 
 
فڕۆکەخانەی کەرکووک پێشتر وەک بنکەیەکی ئاسمانیی سەربازی بەکاردەهات، لە 16ی ئۆکتۆبەری 2022بە ئامادەبوونی وەزیری گواستنەوەی ئەوکات کرایەوە و یەکەم گەشتی لە هەمان مانگی کردنەوەیدا بۆ تورکیا کرا.