لە کەرکووک چوار چەکداری داعش کوژران


رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق کوژرانی چوار چەکداری داعشی لە سنووری پارێزگای کەرکووک راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی مۆڵگەیەکیان لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە بۆردوومان کرا.
 
رۆژی شەممە، 23ـی ئایاری 2026، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە کە لە چوارچێوەی "راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش"، لەسەر بنەمای زانیاریی وردی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازی، "هێرشێکی ئاسمانیی سەرکەوتوو" ئەنجامدراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق دوو بۆردوومانی وردیان بۆ سەر مۆڵگەیەکی داعش لە دۆڵی "چای" لە سنووری کەرکووک ئەنجامداوە، کە مەفرەزەیەکی چەکدارانی داعشی تێدابووە.
 
 
ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەڵێت، "لە ئەنجامی ئەو دوو بۆردوومانەدا، سێ چەکداری داعش کوژران و مۆڵگەکەش بە تەواوی خاپوور کرا."
 
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دوای بۆردوومانەکە فڕۆکەوانی سوپا دەستیان بە پشکنین و کێوماڵکردنی ناوچەکە کردووە، لەو کاتەدا چەکدارێکی دیکەی داعش بینراوە و هەر لەوێدا کوژراوە، بەمەش کۆی ژمارەی کوژراوەکان لەو ناوچەیە گەیشتە چوار چەکدار.