ئەندامێکی ئهنجوومهنی باڵای فەتوا: پێویستە لە کاتی قوربانیکردندا رێنوێنییەکانی وەزارەتی تەندروستی جێبەجێ بکرێن
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەبێ هاونیشتمانییان لە کاتی قوربانیکردندا پابەندی رێنوێنی وەزارەتی تەندروستی بن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا سەربڕینی ئاژەڵ لە ماڵەوە مەترسیدارە و ئیسلامیش لەگەڵ زیان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییدا نییە.
رۆژی هەینی، 23-06-2023، مامۆستا محەممەد ئێنەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 16:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە فوئاد رەحیم پێشکێشی کرد، لەبارەی قوربانیکردن و رێنوێنییە ئایینییەکان رایگەیاند، وەک مەرجێکی قوربانیکردن، دەبێ ئاژەڵێکی تەندروست کە نەک تەنیا نەخۆش، بەڵکو لاوازیش نەبێت، سەرببڕدرێت.
بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، کاری بەشێک لە ئاژەڵفرۆش، گۆشتفرۆش و کڕیارانی گۆشتی قورس کردووە. بەپێی رێنوێنی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، پێش کڕین و فرۆشتنی هەر ئاژەڵێک دەبێ پشکنینی بۆ بکرێت و بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیییەکەش نابێ هاونیشتمانییان گۆشتی سەر شەقامەکان بکڕن.
مامۆستا محەممەد ئێنەیی ئاماژەی بەوە کرد، لەم دۆخەدا کە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون و چەندین نەخۆشی دیکە هەیە، ''نابێ هاونیشتمانی هەر ئاژەڵێک کە خۆی مەبەستی بوو، بیکاتە قوربانی، بەڵکو دەبێ بگەڕێتەوە بۆ رێنوێنی ئیسلام و ئاژەڵەکە لاواز و نەخۆش نەبێت.''
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان گوتی، ''چەندین نەخۆشیی مەترسیدار دەرکەوتوون و رەنگە هەموو کەسێکیش هەستیان پێ نەکات و تەنیا لایەنە پەیوەندیدارەکان و پزیشکان لێیان تێبگەن، هەربۆیە دەبێ قوربانیکردن بەپێی رێنوێنی ئەوان بێت.''
مامۆستا محەممەد ئێنەیی دەڵێت، ئەگەر لە کاتی قوربانیکردندا هاونیشتمانی پابەندی رێنوێنی وەزارەتی تەندروستی نەبێت و هەر کەسێک لە کۆڵان و ماڵی خۆی قوربانی بکات، ئەوە زیان بە خەڵک دەگەیێنێت و دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی مەترسیدار، بۆیە پێویستە هەموو کەسێک رێنوێنی وەزارەتی تەندروستی لەبەرچاو بگرێت.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەروو کە ''قوربانیکردن بۆ ئەوەیە دەستی کەسانی هەژار بگیرێت و لە برسێتی دوور بخرێنەوە، ''بەڵام ئەگەر [قوربانیکردنەکە] لەبری سوود، تووشی زیانیان بکات، بێگومان ئەوە مەترسیدارە و ئایینی ئیسلام لەگەڵ زیان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیدا نییە.''
رۆژی یەکشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2023، لیژنەی بینینی مانگی سعودیە مانگی زیلحیجەیان بینی و بەو پێیەش رۆژی 27ـی حوزەیران کە سێشەممەی داهاتوو دەکات، دەبێتە رۆژی عەرەفە.
هەر بەو پێیەی رۆژی دووشەممە لەلایەن سعودیەوە بە یەکەم رۆژی مانگی زیلحیجە دەستنیشان کرا، رۆژی 28ـی حوزەیران کە دەکاتە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، دەبێتە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان.