مەسرور بارزانی: بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کەنیسەی مار ئیلیاس دەکەم


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە خۆکوژییەکە"ی سەر کەنیسەی مار ئیلیاس لە دیمەشق دەکات.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پشتیوانیی بەهێزی خۆمان بۆ ئازادیی بیروباوەڕ دووپات دەکەینەوە و بە هەموو شێوەیەکیش تیرۆر رەتدەکەینەوە و دژی دەوەستین".
 
ئێوارەی دوێنێ کەسێک بە چەکەوە چووە سەر کەنیسەی مار ئیلیاس لە دیمەشق و تەقەی لە نوێژخوێنان کرد، دواتر خۆیشی کوشت.
 
لەو هێرشەدا، بەگوێرەی تەندروستیی سووریا، 25 کەس کوژران و 63 کەسی دیکەیش بریندارن، بەشێک لە قوربانییان ژن و منداڵن.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان دەکات و دەڵێت، "هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم و هاوسۆزی هەموو زیانلێکەوتووانم".
 
دوێنێ وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، ئەو کەسەی "هێرشە تیرۆریستییەکەی کردووە چەکداری داعش بووە".