لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی 1283 گەشت هەڵوەشاونەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە 10 رۆژی رابردوودا، زیاتر لە 1280 گەشت لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی هەڵوەشاونەتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 23-06-2025 دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوای داخستنی ئاسمانی عێراق بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە، لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا 1283 گەشت لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی هەڵوەشاونەتەوە."
 
رۆژی هەینی 13ی حوزەیرانی 2025 ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و دواتر ئێران وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیلی دایەوە؛ 21ی حوزەیرانی 2025 ئەمریکایش هاتە نێو جەنگەکە و بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردوومان کرد. تاوەکو ئێستا جەنگەکە بەردەوامە و هەردوو وڵات بەردەوام بە درۆن و مووشەک هێرش دەکەنە سەر یەکدی.
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 1184 گەشت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەو 10 رۆژەدا هەڵوەشاونەتەوە.
 
لە 13ى حوزەیرانەوە بەهۆى دەستپێکردنى جەنگی ئێران و ئسرائیل، عێراق ئاسمانەکەى بەڕووى گەشتە ئاسمانییەکان داخست، کە هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە.
 
دیلان رەشاد گوتی، "لەو ماوەیەدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییش 99 گەشت هەڵوەشاونەتەوە."
 
ئەم گەشتانە یەک ئاراستە نین، بەڵکو گەشتی چوون و هاتن دەگرێتەوە؛ واتە ئەو گەشتانەی لە ناوەوەی وڵات بۆ دەرەوە بووە و بە پێچەوانەیشەوە، هەڵوەشێندراونەتەوە.