وەزیری ئاوەدانکردنەوە: ساڵی داهاتوو 100٪ـی پڕۆژەی دوو سایدی دەربەندیخان - کەلار تەواو دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ  

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان دەڵێت، 60٪ـی پڕۆژەی دوو سایدی دەربەندیخان - کەلار تەواوکراوە، مانگی 10ـی ساڵی داهاتووش بە تەواوی دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان.  
 
رۆژی یەکشەممە 23-07-2023، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی رێگەوبانی لە نێوان گوندەکانی زەلەڕەش، بەردەکەڕ و ناوتاق کە سەر بە قەزاکانی شارەزوور و دەربەندیخانن راگەیاند. 
 
دانا عەبدولکەریم رایگەیاند، رێگەکە 22 کیلۆمەترە و زیاتر لە حەوت ملیار و 404 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە. گوتیشی ئاسانکارییەکی ''زۆر باش'' بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان و بارهەڵگران دروست دەکات.
 
پرۆژەی دوو سایدی دەربەندیخان - کەلار درێژییەکەی 41 کیلۆمەترە و ئیدارەی گەرمیان بە پارێزگای سلێمانییەوە دەبەستێتەوە.
 
دانا عەبدولکەریم گوتی: ''تەواونەکردنی پڕۆژەکە بەهۆی نەبوونی نەختینەوە بووە، بەڵام ئەو چەند مانگە پڕۆژەکە بە باشی دەستیپێکردووەتەوە و کاری لەسەر دەکرێت.''
 
بەگوتەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان، ئێستا زیاتر لە 60٪ـی پڕۆژەکە تەواو بووە و لەو کابینەیەدا زیاتر لە 76 ملیار دیناری بۆ خەرجکراوە. 
 
سەبارەت بە کاتی تەواوکردنی پرۆژەکە، دانا عەبدولکەریم گوتی: ''ئەگەر هیچ گرفتێک روونەدات، تاوەکو مانگی 10ـی ساڵی داهاتوو 100٪ـی پڕۆژەکە تەواو دەکرێت و دەخرێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.''