چەند رۆژێکە دارستانەکانی مەریوان دەسووتێن و چالاکوانانی خۆبەخش هەوڵی کوژاندنەوەی دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە ئاگر دارستانەکانی مەریوان دەسووتێنێت و ژمارەیەک لە ژینگەدۆستان هەوڵی کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی دەدەن. ئەوان دوو کێشەی سەرەکییان هەیە، ئامراز و پێداویستیی کوژاندنەوەی ئاگریان نییە، هەروەها رانەهێندراون، تەنیا ورە، ئەنگیزە و خەمخۆری هانیداون، ئەو دارستانە بپارێزن.
دارستانەکانی مەریوان چڕن و پووش و پەڵاشیان زۆرە، ئەوەش وادەکات گڕی ئاگرەکان زیاتر و ئاگرەکانیش خێراتر بن، لە بەرامبەردا کێشە بۆ جووڵەی چالاکڤانان دروست دەکات.
هەندێک لەو ناوچانەی مەریوان کە دەسووتێن، مین و تەقەمەنیی سەردەمی شەڕی لێیە، لە کوژاندنەوەی ئەو ئاگرانەدا حەوت کەس بە تەقینەوە بریندار بوون.
بەشێک لە ناوچەکانیش شاخاوی و سەختن، بۆیە ئەگەری سووتان و کەوتنەخوارەوەش تێیاندا هەیە.
رەخنە لە ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان لەم رۆژانەدا زۆر بوون، ئەنجوومەنێک کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی چالاکییەکانی راگرتبوو، بەڵام لەبەر زۆریی ئاگرەکانی ئەمجارە، ئەنجوومەنی سەوزی چیا بڕیارەکەی خۆی شکاند تاوەکو ئەرکی مێژوویی خۆی بەجێبگەیێنێت.
لەم رۆژانەدا دارستانەکانی مەریوان لە زیاتر لە 5 شوێنەوە ئاگریان گرت، بەشێک لە باشترین دارستانەکان، کە بەو ئاسانییە جێگەیان پڕنابێتەوە و قەرەبووکردنەوەیان بۆ ژینگە ئەستەمە.
ساڵانێکە ئەم ژینگەپارێزانە خۆبەخشانە بە دڵ و بە گیان هەوڵ بۆ پاراستنی دارستانەکان دەدەن، ماندوو بوون، بەڵام نەوەستاون.