کارەبای سلێمانی: هاوبەشانی کارەبا 366 ملیار دینار قەرزدارمانن
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر داوای ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ئەمڕۆوە 15%ـی قەرزی کارەبا بۆ سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. کارەبای سلێمانی دەڵێت، 366 ملیار دینار قەرزیان لای هاوبەشانی کارەبایە.
رۆژی 10ـی نیسانی 2023، چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نووسراوێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد و داوایان کرد، بۆ ماوەی سێ مانگ لە 15%ـی قەرزی کارەبای هاونیشتمانییانی سنوورەکە خۆش بێت. بە نووسراوێکی دیکە، کە واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کورستانی لەسەر بوو، 18ـی ئەم مانگە بڕیارەکە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا کرا و ئەمڕۆ یەکشەممە 23ـی تەممووز کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ یەكشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارەکە ئەمڕۆ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو 24-10-2023 بەردەوام دەبێت."
سیروان محەممەد گوتیشی، بەگوێرەی نوێترین ئامار و تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو، هاووڵاتییانی پارێزگای سلێمانی 366 ملیار دینار قەرزی کارەبایان لەسەر بووە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانیان دەچنە بەر دەرگای ماڵان و هەرکەسێک بیەوێت قەرزەکەی بداتەوە هەر لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا دەتوانێت قەرزەکە بداتەوە و 15% داشکاندنی بۆ دەکرێت.
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر داوای ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بووە و جگە لەو پارێزگایە، پارێزگای هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕینیش لە لێخۆشبوونەکە سوودمەند دەبن.