ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی وان کەمیان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵە و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکاکانی پارێزگای وان لە باکووری کوردستان رەخنە لە حکومەتی تورکیا دەگرن بەهۆی کەمیی ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی شارەکەیان.
رۆژی 22ـی تەممووزی 2023، نوێنەرانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی، کۆمەڵەی گەشتوگوزاری، سەندیکای کارمەندانی گەشتوگوزار، کۆمەڵەی هۆتێل و میوانخانەکان، بارۆی وان، کۆمەڵەی سەندیکای پیشەگەران و کاسبکاران، رێکخراوی میدیاکاران و رۆژنامەڤانان و ژمارەیەک لە چالاکڤانانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی پارێزگای وان، گردبوونەوە.
هۆکاری گردبوونەوەکەیان، دەربڕینی ناڕەزایەتیی بوو بۆ کەمیی ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی فەرید مەلەن لە پارێزگای وان. ئەوان حکومەت و وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە بایەخ بە پارێزگاکە نادەن.
ئەوانەی بەشدارییان لە گردبوونەوەکە کردبوو، دروشمی "کەمیی گەشتە ئاسمانییەکان، هۆکارێکی بەدواوەیە" و "بەبێ جیاکاری خزمەت بە وان بکەن" و "مافەکانمان زەوت مەکەن"یان بەرزکردەوە.
هەمان رۆژ نەجدەت تەکڤا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تویتەر لە دژی وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، تویتێکی بڵاوکردەوە و راگەیاند، "کە خزمەتی ناکەن، فڕۆکەخانەی وان دابخەن، بەمەش کولەکە لە کێڵگەکانیدا دەچێنن".
پێشتریش، سەرۆکی ژووری هۆتێل و میوانخانەکانی وان ئاماژەی بە کێشەی کەمیی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەکە کردبوو و رایگەیاندبوو، بەهۆی چارەسەرنەکردنی کێشەکە، بەشێکی گەشتیارانی ئێرانی روو لە ترابزۆن دەکەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری فڕۆکەخانەکان، لە مانگی حوزەیراندا فڕۆکەخانەی فەرید مەلەن لە وان، خزمەتگوزاری پێشکێشی 137 ھەزار و 36 هاووڵاتی کردووە؛ هەروەها 1658 فڕۆکە گەشتیان لەو فڕۆکەخانەیەوە کردووە و 1299 تۆن باری کارگۆیشی هەبووە.
بەگوێرەی هەمان ئامار، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 771 هەزار و 359 کەس لە رێگەی 8214 فڕۆکەوە لە فڕۆکەخانەی فەرید مەلەن بۆ شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان و تورکیا گەشتیان کردووە؛ هەر لەو شەش مانگەدا 6694 تۆن کەلوپەل لە رێگەی ئەو فڕۆکەخانەیەوە گواستراوەتەوە.