ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە؛ پرسی مووچەش تاوتوێ دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی دەکات. لە کۆبوونەوەکەدا دوو بڕگە تاوتوێ دەکرێن، کە یەکێکیان پەیوەستە بە پرسی مووچە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی تەممووزی 2025 ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە و دوو بڕگە تاوتوێ دەكات.
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەت، لە بڕگەی یەكەمدا پێشهاتەكانی ئەم دواییەی تایبەت بە جێبەجێكردنی دوا رێككەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدراڵیی پەسندكراو بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەردوولا، سەبارەت بە دۆسیەی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی کوردستان و دۆسیەی نەوت و داهاتی نانەوتی، تاوتوێ دەكرێت.
 
لە بڕگەی دووەمدا، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، كۆنووسی كۆبوونەوەی تایبەت بە جێبەجێكردنی دەقی رێككەوتننامەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی، بە مەبەستی دانانی میكانیزمی رێكخستنی كارەكانی دەستەی پێوانەسازی و كۆنترۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەكرێت.
 
رۆژی سێشەممە 22ی تەممووزی 2025 بەرپرسێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی هۆکاری تەکنیکییەوە پارەی مووچەی مانگی ئایار نەنێردرا، بەڵام بڕیارە چوارشەممە 23ی تەممووز تاوەکو نیوەڕۆ بنێردرێت و پێنجشەممە دەست بە دابەشکردنی بکرێت."
 
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "هەر رۆژی چوارشەممە 23ی تەممووز وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 6 دەستپێدەکات، دواتر لیستەکە رادەستی وەزیری دارایی عێراق دەکرێت." ئاماژەی بەوەش کرد، "شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی دەچنە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی داهات و خەرجیی مووچەی مانگی 6 و مانگەکانی دواتر و رێکارەکان تاوتوێ دەکەن."
 
رۆژی سێشەممە 22ی تەممووز وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستی بە خەرجکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگی ئایاری 2025 کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان پابەند بوو بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێندراوی ئێستای بە کۆمپانیای سۆمۆ.
 
بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا کە 17ی تەممووز ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی کرد، هەرێمی کوردستان تەواوی نەوتی بەرهەمهێندراوی ئێستا رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، کە بە 230 هەزار بەرمیلی رۆژانە مەزەندە کراوە؛ 50 هەزار بەرمیلی دیکەشی بۆ پێویستیی نێوخۆ و بەرهەمە نەوتییەکان بەکاردەهێنێت.
 
پێشتریش فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاتێک مووچەی مانگی پێنج خەرجکرا، واتە مووچەی مانگەکانی داهاتووش (6 و 7) خەرج دەکرێت."
 
دوایین جار کە هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتیی بۆ بەغدا ناردووە، لە مانگی نیسان بوو و بڕەکەی 50 ملیار دینار بوو.
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دوێنێ رایگەیاند، "داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار، کە بڕەکەی 120 ملیار دینارە، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵی."