لە بەغدا شارێکی پیشەسازیی تایبەت بە زێڕ دروست دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری، پێشنیازێکی وەزارەتەکەیانی بۆ دروستکردنی شاری زێڕی جیهانی لە بەغدا پەسند کردووە. وەزارەتەکە دەڵێت: "ئەو هەنگاوە هاوکاردەبێت بۆ بە نیشتمانیکردنی پیشەسازی زێڕ و خشڵ لە نێوخۆی عێراق و ژمارەیەکی زۆر هەلی کاریش دەڕەخسێنێت."
 
بە گوێرەی وەزارەتی بازرگانی، شارەکە بە سیستمێکی تۆکمە و یەکگرتوو بنیاد دەنرێت، کە یەکە پیشەسازییە تایبەتمەندەکان و سەنتەری راهێنانی پێشکەوتوو بۆ ئاڵتونسازی بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لەوەی، بازاڕ و بۆرسەی پێشکەوتووی زێڕ و خشڵی تێدا دەبێت.
 
ریاز هاشمی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییە ئابوورییە دەرەکییەکان رایگەیاند، "ئەم پڕۆژەیە بەغدا دەکاتە ناوەندێکی هەرێمیی بۆ پیشەسازی و بازرگانیی زێڕ."
 
رەشید سەعدی، گوتەبێژی ژووری بازرگانیی بە‌غدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شارەکە وەکو هەر شارێکی دیکەی پیشەسازی دەبێت، بەڵام بۆ زێڕ و خشڵ تەرخان دەکرێت، ئەمەش وادەکات لە داهاتوودا بەرهەمی زێڕی نێوخۆیی هەناردە بکەین و بچینە نێو بازاڕە جیهانییەکانی زێڕ."
 
وەزارەتی بازرگانی باسی لەوە کردووە، یەکەم قۆناخی دروستکردنی شارەکە دەستپێکراوە و پارچە زەوییەکی لە بەغدا بۆ دابین دەکرێت.