هێلین ئومیت: کەس چاوەڕێی رێوڕەسمێکی دیکەی چەکدانان نەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی بزووتنەوەی خەباتی ئازادیی کوردستان کە پێشتر ئەندامی ناوەندی کۆمیتەی پەکەکە بوو، دەڵێت، بەکارهێنانی دەستەواژەی "تورکیای بێ تیرۆر" لەلایەن حکومەتی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەر رەتدەکەنەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، با هیچ کەسێک چاوەڕێی رێوڕەسمێکی دیکەی چەکدانانی گەریلاکانیان نەکات.
هێلین ئومیت، ئەندامی بزووتنەوەی خەباتی ئازادیی کوردستان و ئەندامی پێشووی ناوەندی کۆمیتەی پەکەکە لە هەڤپەیڤینێکدا دەڵێت، بەکارهێنانی دەستەواژەی "تورکیای بێ تیرۆر" لەلایەن حکومەتی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری رەتدەکەنەوە. گوتیشی، ئەو دەستەواژەیە گومانی زیاتر لەبارەی سەرخستنی پرۆسەکە دروست دەکات.
بڕیارە لە داهاتوودا لیژنەیەک بۆ سەرخستنی پرۆسەکە لە پەرلەمانی تورکیا پێکبهێندرێت. ئومیت ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت ئەو لیژنەیە کار بۆ ئەوە بکات، لە چوارچێوەی یاسادا مافی سیاسەتکردن لە تورکیا بە گەریلاکانی پەکەکە بدرێت، ''ئەگەر ئەمانە نەکرێن، ئەو هەنگاوانەی ئێمە ناومانن بەبا دەچن."
ئەندامی بزووتنەوەی خەباتی ئازادیی کوردستان دەڵێت، با کەس چاوەڕێی رێوڕەسمێکی دیکەی چەکدانانی گەریلاکان نەبێت، باسی لەوەش کرد، "پێویستیش ناکات، چ پێویست دەکات ئەم کارە بکرێتە نمایش. ئەو پەیامەی پێویست بوو، درا. ئەوەی پێویست بوو بگوترێت، گوترا و ئیرادە نیشاندرا. دوای ئەوەی هەڤاڵ بەسێ چەکەکەی دانا، کێ دەتوانێت بڵێت چەک لە دەستی ئەوانەیە کە لە شاخدان؟"
بە بڕوای ئومیت، پرسی کورد کێشەی سەرەکیی تورکیایە؛ گوتیشی، "ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، تورکیا دەبێتە وڵاتێکی جوان. ئێمە دەبینە پشتیوانی ئەوانەی کە پرسی کورد چارەسەر دەکەن."
ئەو گوتانەی ئەندامەکەی بزووتنەوەی خەباتی ئازادیی کوردستان لە کاتێکدایە، رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند کە بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) یەکێک بوو لەوان.
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.