پێکدادانەکەی بانە؛ ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ئێران گەیشتە 3 کەس
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ئێران لە پێکدادانە چەکدارییەکەی شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ سێ کەس بەرزبووەوە.
رۆژی چوارشەممە 23ی تەممووزی 2025 فەرەج روستەمی، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری پارێزگای سنە رایگەیاند، رۆژی رابردوو لە ناوچەیەکی سنووریی شاری بانە لەنێوان هێزەکانیان و گرووپێکی چەکداریی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا شەڕ روویدا و ئەفسەرێک بەناوی سینا سەتاروەند کوژرا.
فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری پارێزگای سنە گوتیشی، "لە پێکدادانەکەدا دوو سەربازی دیکەش بریندار بوون، کە بۆ نەخۆشخانە گوێزرابوونەوە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە ئەمڕۆ گیانیان لەدەستدا؛ بەم شێوەیە ژمارەی کوژراوانی پێکدادانەکە بۆ سێ کەس بەرزبووەوە."
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 22ی تەممووزی 2025 لە ناوچەی نەنۆڕی بانە لەنێوان هێزەکانی پاسەوانیی سنووری ئێران و چەند کەسێکی چەکدار، پێکدادانی چەکداری روویدا.
فەرەج روستەمی دوێنی رایگەیاند، "لە کاتێکدا هێزەکانی پاسەوانیی سنوور لە ناوچەیەکی سنووریی شاری بانە خەریکی چاودێری و کۆنترۆڵکردنی سنوور بوون، رووبەڕووی گرووپێکی دژبەر بوونەوە و پێکدادان لە نێوانیاندا دروست بوو."
بە گوتەی ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئێران لە پارێزگای سنە، لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە بەردەوامە و هێزەکانیان لە هەوڵەکانیان بۆ دەستبەسەرکردنی هێرشکارەکان بەردەوامن.