تیمەکانی ئەندازیاریی فەرماندەی زێرەڤانی دوو مین لە ئامێدی پووچەڵ دەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە فەرماندەی زێرەڤانی رایگەیاند، لە گوندی سەرگەلێ سەر بە ناحیەی دێرەلووک، دوو مین کە کێشیان 30 کیلۆگرام بووە، پووچەڵ کرانەوە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە فەرماندەی زێرەڤانی، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو مین کە لە گولـلە هاوەن دروستکرابوون و بە رێگەی پارتی و ئەریەڵ دەتوانرا بتەقێندرێنەوە، لەسەر رێگەی سەرەکیی ئامێدی بۆ دێرەلووک چێندرابوون، پووچەڵ کرانەوە.
ژێهات نهێلی، دانیشتووی گوندی سەرگەلێ بە رووداوی گوت، کاژێر 11:00ی بەیانی گاوانی گوندەکە مینەکانی بینیوە کە لەسەر رێگەی رەز و باخی گوندەکە چێندراون، دوای ئەوە "لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادارکردەوە و کاژێر 17:00 تیمەکانی ئەندازیاریی زێرەڤانی مینەکانیان هەڵگرتنەوە".
ئەو دانیشتووەی گوندی سەرگەلێ ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو شوێنەی مینەکانی لێ چێندرابوو، هاتووچۆی رۆژانەی جووتیاران و خەڵکی گوندەکەمانی لەسەرە، نزیکە لە رێگەی سەرەکیی وەزای ئامێدی بۆ ناحیەکانی دێرەلووک و شێلادزێ".
لە ماوەی مانگێکدا ئەمە دووەم جارە هێزەکانی پێشمەرگە مین لەسەر رێگەی سەرەکیی ئامێدی پووچەڵ دەکەنەوە، کە جاری یەکەم پێش 20 رۆژ بوو، 60 کیلۆگرام TNT لەسەر رێگەی ئامێدی بۆ دێرەلووک پووچەڵکرانەوە.