وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: زیاتر لە 12 هەزار کەس فۆڕمی وەرگرتنی شوقەیان پڕکردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بۆ وەرگرتنی یەکەیەکی نیشتەجێبوون بێ پێشەکی، بەشێوەی ئۆنڵاین فۆڕم پڕکردنەوە بەردەوامە. گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، زیاتر لە 12 هەزار کەس بەشێوەی دروست فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە.
رۆژی چوارشەممە 22ـی ئابی 2023، مەریوان حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تائێستا زیاتر لە 12 هەزار کەس فۆڕمی وەرگرتنی شوقەیان پڕکردووەتەوە و کۆدی دڵنیاییشیان بۆ گەڕاوەتەوە.
رۆژی 8ـی ئەم مانگە، پڕکردنەوەی فۆڕمی داواکاری وەرگرتنی شوقەی بێ پێشەکی بڵاوکرایەوە، لە هەفتەی یەکەمدا زیاتر لە 26 هەزار کەس فۆڕمەکەیان پڕکردبووەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پڕکردنەوەکەیان دروست نەبووە کۆدیان بۆ نەگەڕابووەوە، مەریوان حەسەن دەڵێت، هەرکەسێک کۆدی دڵنیایی بۆ نەیەتەوە، کەواتە ناوی بە دروستی تۆمار نەکردووە و ناوی ناچێتە نێو تیروپشکەوە.
سەبارەت بەوەی کۆدەکە چۆن دەگەڕێتەوە، توانا بەشیر، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن 14ـی ئەم مانگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کۆد بۆ مۆبایل ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ ئیمەیڵ دەگەڕێتەوە، هاوکات لەسەر وێبسایتەکەش دەردەکەوێت کە بارکۆدێکە و هەموو زانیارییەکانی کەسەکەی لەسەرە.
8ـی ئابی 2023، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، "هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە پێگەی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە پێشکێشکردنی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون کە بەپێی یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 2012ـی یاسای نیشتەجێبوون تایبەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەم دەرامەت لە هەرێمی کوردستان دەرکراوە، ئەمڕۆ کارا دەکرێت و ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن، لەمڕۆوە دەتوانن فۆڕم پڕبکەنەوە".
هەمان رۆژ، توانا بەشیر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، یەکەکان 9 هەزار و چوار یەکەی نیشتەجێبوون (شوقە)ن و بەشێکیان 95%ـی کارەکانیان تەواو بووە و هەشیانە 80% و بەرەو خوارتر تەواوبووە، تاوەکو دەگاتە 13%.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە گوتیشی، نرخ جیایە و بەگوێرەی پڕۆژەکانە، بەڵام هیچیان پێشەکییان نییە و ئەو پارەیەی بۆ نرخی شوقەکە دادەنرێت دابەشی سەر 300 مانگ دەکرێت؛ بۆ نموونە، ئەگەر شوقەیەک نرخەکەی 30 هەزار دۆلار (3 دەفتەر) بێت، ئەو کەسەی وەری دەگرێت مانگانە 100 دۆلار قیستی لێ وەردەگیرێت.
پڕکردنەوەی فۆڕمەکە تاوەکو 1ـی مانگی 12ـی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
ساڵی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان و کەم دەرامەتان دروست دەکرێت و بە قیست و پێشەکی کەم بەسەریاندا دابەش دەکرێت. ئەوەی ئێستا فۆڕمی بۆ پڕدەکرێتەوە، پەیوەندی بەو 20 هەزار یەکەیەوە نییە و ساڵانی رابردوو کار لە هەموویاندا کراوە و دواتر کارکردن تێیاندا راگیراوە.