بەغدا و هەولێر لیژنە بۆ هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل پێکدەهێنن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتەکانی ناوخۆى عێراق و هەرێمى کوردستان لیژنەیەکى هاوبەش پێکدەهێنن بۆ یەکخستنى رێنماییەکانى هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل لە رووى گومرگ و مەرجەکانى سەلامەتى. گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى هاتووچۆى عێراق دەڵێت، "راسپاردە بۆ سەرۆکوەزیران بەرزدەکرێتەوە و لەدواى پەسندکردنى، دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە".
رۆژی 23ـى ئابى 2023، عەمید زیاد قەیسی، گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى هاتووچۆى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لیژنەیەکى هاوبەش لەنێوان هەردوو وەزارەتى ناوخۆى عێراق و هەرێمى کوردستان پێکهێندراوە بۆ یەکخستنى رێنماییەکانى هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان لە سەرانسەرى عێراق لە رووى مەرجەکانى سەلامەتى و شێواز و بڕى گومرگکردنى ئەو ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوانە."
ئەندامانى لیژنەکە پێکهاتوون لە بەڕێوەبەرى گشتیى هاتووچۆى عێراق، نوێنەرى وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و بەڕێوەبەرایەتییەکانى پۆلیسی هاتووچۆ و گومرگى هەرێمى کوردستان.
عەمید زیاد قەیسی گوتی، "لیژنەکە راسپاردەى خۆى لەوبارەیەوە بەرز دەکاتەوە بۆ سەرۆکوەزیرانى عێراق و لەدواى پەسندکردنى، کارى پێدەکرێت."
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى پلاندانانى عێراق، نزیکەى هەشت ملیۆن ئۆتۆمبێل لە پارێزگاکانى عێراق هەن، ئەوە لەکاتێکدایە لە هەرێمى کوردستان نزیکەى دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل بە هەموو جۆرەکانییەوە تۆمارکراون.