ناسنامەی ئەو دوو رۆژنامەڤانە ئاشکرا کرا کە لە بۆردوومانەکەی سەیدسادق گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەینی ئۆتۆمبێلێک لە نزیک گوندی تەپەڕەش لە قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی بۆردوومانکرا و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بریندار بوو.
یەکێک لەوانەی گیانی لەدەستداوە ناوی هێرۆ بەهادینە و مۆنتێر بووە لە نووسینگەی کەناڵی ستێرک تیڤی لە شاری سلێمانی و ئەوی دیکەش ناوی "گوڵستان تارا"یە، خەڵکی ئێلیهـ لە باکووری کوردستانە و یەکێک بووە لە بەرپرسانی نووسینگەی کەناڵەکە لە شاری سلێمانی.
باڵەخانەی سەرەکی کەناڵی ستێرک تیڤی لە ئەورووپایە و لە شاری سلێمانی نووسینگەی هەیە.
نووسینگەی کەناڵی ئاسمانیی ستێرک لە سلێمانی سەر بە کۆمپانیای چەترە بۆ راگەیاندن. کەمال حەمەڕەزا، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، هێرۆ بەهادین نزیکەی شەش ساڵە لە دەزگاکە کاری کردووە و خەڵکی شاری سلێمانییە. گوڵستان تاراش ماوەی سێ ساڵە وەکو "راوێژکار" کاری کردووە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت، لە بۆردوومانەکەدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بریندارە.
کەمال حەمەڕەزا گوتیشی، بریندارەکەش ناوی رێبینە و خەڵکی سلێمانییە و کارمەندی دەزگاکە بووە. گوتیشی: "ئەوانە رۆژنامەڤان بوون و دوور و نزیک پەیوەندییان بە سیاسەتەوە نەبووە".
لە هەمان کۆنگرەدا، کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان گوتی: "زۆر بە تووندی سەرکۆنەی هەر هێرشێک دەکەین کە بکرێتە سەر رۆژنامەنووسان، چونکە بەگوێرەی هەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەکان رۆژنامەنووس بەدەرە لە هەموو قەیرانەکان و لە دەرەەوی شەڕەکاندایە".