80 دامەزراوە بەشدارییان لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ پەروەردە کردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ پەروەردە پێشوازی لە 80 قوتابخانە، زانکۆ و کۆمپانیا کردووە. جگە لە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان، خەڵکی بیانیش سەردانی پێشانگەکە دەکەن و سوودی لێ وەردەگرن.
 
کارۆلین ڤیێرا، سەردانیکاری پێشانگەکەیە و باس لەوە دەکات، "من لێرەم تاوەکو ئۆفەرێکی زەماڵەی خوێندنی ماستەر وەربگرم، من سەرەتا زەماڵەم لە هەولێر وەرگرت بۆ خوێندنی تەندروستیی گشتی بۆیە لە بەڕازیلەوە هاتم، بەڵام نەمتوانی خوێندنەکە تەواو بکەم. نەوەستام و لە کەمپی حەسەن شام ماوەیەکە خزمەت دەکەم، بۆیە هاتمە ئێرە و زۆر بەپەرۆشم ئەم ساڵ دەست بەخوێندن بکەم." 
 
قوتابخانەیەکی سیستم بەریتانی کە تاکە قوتابخانەیە لە هەولێر بەم سیستمە وانە بڵێتەوە و 15 ساڵە دامەزراوە. ئەم ساڵ داشکانی 15٪ـی بۆ ئەو فێرخوازانە کردووە کە لە رێگەی پێشەنگاکە خۆیان ناونووس دەکەن. قوتابخانەکە هەوڵدەدات زۆرترین قوتابی بۆ خۆی رابکشێت.  
 
رێباز ئیبراهیم، نوێنەری قوتابخانەکە ئاماژە بەوە دەدات، "لەم پێشانگەیە قوتابییان زیاتر ئاشنای قوتابخانەکان دەبن، هەروەها بۆ ئەو کەسانەی بەدوای هەلی کاردا دەگەڕێن دەرفەتێکی زۆر باشە، ئێمە کۆمەڵێک سیڤی وەردەگرین بۆ ئەوەی هەلی کار بۆ مامۆستا و کارمەندان بڕەخسێنین." 
 
مستەفا لەبەردەم مێزەکانی "پرسیارم لێبکە"ـی زانکۆی کوردستان- هەولێر وەستاوە. تەنیا لە رۆژی یەکەمی پێشانگەکە بەرچاوروونی زانکۆکەی بە زیاتر لە 100 کەس داوە کە سەردانیان کردووە، پەیامنێری رووداو لەبارەی تازەگەرییەکانی زانکۆکە بۆ ئەم ساڵی خوێندن پرسیاری کرد.
 
مستەفا حاجی، نوێنەری زانکۆی کوردستان- هەولێر لەبارەی ساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆکە ئاماژەی بەوە کرد، "بۆ ئەم ساڵ یاسامان کردووەتەوە بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس و یاسای نێودەوڵەتی بۆ ماستەر، دەرچووانی پۆلی 12 ئێستا دەتوانن لە زانکۆی کوردستان یاسا بخوێنن کە خوێندنەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵە. 75٪ـی بەکالۆریۆسی یاسامان بە زمانی ئینگلیزییە، 15٪ـی بە زمانی دایکە کە زمانی کوردییە و 10٪ـی بە زمانی عەرەبییە." 
 
لە پێشانگەکە 21 قوتابخانە، 12 زانکۆ و 47 کۆمپانیا بەشدارن ئەوانەی بەشدارن بەشێکیان لە وڵاتانی ئاسیا، ئەورووپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن و پێشانگاکە تاوەکو 24 مانگ بەردەوام دەبێت.