شاندی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا و 'لەگەڵ تەیف سامی کۆدەبێتەوە'


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، بڕیارە ئەمشەو شاندێکی وەزارەتی دارایی بۆ درێژەدان بە کۆبوونەوەکانی هەفتەی رابردوو لەسەر داهاتی نانەوتی، سەردانی بەغدا بکاتەوە. راشیگەیاند ''سبەی لەگەڵ تەیف سامی کۆدەبنەوە''.

رۆژی شەممە، 23ـی ئابی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شاندەکە پێکهاتوون لە کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی؛ کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باج لە هەرێمی کوردستان؛ لەگەڵ چەند بەڕێوەبەرێکی گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان''.
 
هەفتەی رابردوو، شاندێکی هەرێمی کوردستان دوو رۆژ لە بەغدا مایەوە. ئەو سەرچاوەیە گوتی: ''چەندین کۆبوونەوەیان لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک و ببێتە بنەمایەک بۆ داهاتی نانەوتیی مانگەکانی داهاتوو، ئەم کۆبوونەوانەش تەواوکەری کۆبوونەوەکانی هەفتەی رابردوو دەبن''.
 
شاندی هەرێمی کوردستان رۆژی 19ـی ئابی 2025، لەگەڵ لێژنە وەزارییەکەی حکومەتی عێراق و رۆژی دواتریش لەگەڵ وەزیری دارایی کۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک.
 
ئەو سەرچاوەیەی رووداو گوتی: ''لەسەر داهاتی گومرگ رێککەوتوون کە 50% بە 50% بێت لەنێوان هەردوو حکومەتدا. عێراق داوا دەکات 50%ی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، واتە باج و رسومات، رادەستی عێراق بکرێت، بەڵام هەرێمی کوردستان ئەوە قبووڵ ناکات''.
 
رۆژی 19ـی ئاب، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بەشێوەیەکی بنەڕەتی رەزامەندی لەسەر نوێکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری ژمارە (550)ـی ساڵی 2025 بدات، بۆ دابینکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیران، دوای رەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
 
1- ئەو لیژنانەی لە بڕگەکانی (سێیەم و چوارەم)ی بڕیارە ئاماژەپێکراوەکەدا ناویان هاتووە، کارەکانیان تەواو بکەن، بە مەرجێک هەریەکەیان کۆنووسێکی واژۆکراو لە ماوەی هەفتەیەکدا لە دوای دەرچوونی ئەم بڕیارەوە، پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی بکەن.
 
2- ئەو تیمەی بەپێی بڕگەی دووەم پێکهێنراوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا کارەکانی تەواو بکات، بە ژماردنی پشکی گەنجینەی گشتیی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسا. هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پشکە بدات لەبری ئەو بڕە پارەیەی کە لە بڕگەی (1)ی خاڵی (دووەم)ی بڕیارەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، بە مەرجێک میکانیزمی ژمێریارییەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی داراییی فیدراڵییەوە پەسەندکرابێت.
 
3- حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیا نەوتییە کارکەرەکان لە هەرێمی کوردستان پابەند بکات بە رادەستکردنی تەواوی ئەو نەوتەی بەرهەمی دەهێنن، بەگوێرەی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و بڕیاری ژمارە (550)ـی ساڵی 2025ی ئەنجوومەنی وەزیران.