دادگەی سلێمانی: ئەگەر تەندروستیی شاسوار عەبدولواحید تێکبچێت، رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە رووداوی راگەیاند، تەندروستیی سەرۆکی جووڵانەوەکەیان تێکچووە. گوتەبێژی دادگەی سلێمانی دەڵێت، ئەگەر تەندروستیی شاسوار عەبدولواحید یان هەر زیندانیکراوێک تێکبچێت، پزیشک دەیبینێت.
 
فراکسیۆنی نەوەی لە پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت رایگەیاند: "دۆخی تەندروستیی شاسوار عەبدولواحید تێکچووە".
 
بەگوێرەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، "کەمێکی دیکە خێزان و ماڵباتەکەی سەردانی شاسوار عەبدولواحید دەکەن کە لە گرتن و گواستنەوەی سلێمانی زیندانیکراوە".
 
دادوەر سەڵاح حەسەن، گوتەبێژی دادگەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە تێکچوونی باری تەندروستیی شاسوار عەبدولواحید ئاگادار نەکراوینەتەوە".
 
گوتەبێژی دادگەی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد: "سەرۆکی نەوەی نوێ بێت یان هەر زیندانییەک کە دۆخی تەندروستی تێکبچێ، یان رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت یان پزیشکی تایبەتی بۆ دابیندەکرێت".
 
هەر لەو بارەیەوە سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید لە دادگەیە و پەیوەندی بە هێزە ئەمنییەکانەوە نەماوە".
 
شاسوار عەبدولواحید، رۆژی 12ـی ئەم مانگە کاژێر 10ـی شەو، بە بڕیاری دادوەر دەستگیر کرا، 21ـی ئاب برایە بەردەم دادوەر، بەڵام دانیشتنەکە بۆ 28ـی ئەم مانگە دواخرا.
 
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە کاتی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، بڕیارەکە "سیاسییە" و پەیوەندی بە بانگەوازی شاسوار عەبدولواحید هەبووە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان.
 
د. مونا یاقوو، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ رۆژێک دوای دەستگیرکردنی لە زیندان سەردانی سەرۆکی جووڵانەوەی نوێی کرد و بە رووداوی گوت، شاسوار عەبدولواحید دووپاتیکردووەتەوە کە لەسەر "داوایەکی یاسایی" دەستگیر کراوە.