جێگری پارێزگاری سلێمانی: دەست بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی شەڕەکەی لالەزار دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، ئەمڕۆ دەست بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی شەڕەکەی لالەزار دەکرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، ''ئەوانەی لیژنەی تایبەتمەند بۆ خەمڵاندنی زیانەکان سەردانی نەکردوون، دەتوانن خۆیان ئاگادارمان بکەنەوە.''
ئەمڕۆ شەممە 23-08-2025 شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، رایگەیاند، ئەو لیژنەیەی بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی شەڕەکەی هۆتێل لالەزار پێکهێندرابوو، لە سەردانیکردنی ئەو شوێنانە بەردەوام دەبێ کە زیانیان بەرکەوتووە.
شاهۆ عوسمان ئاماژەی بەوە کرد، ''بێگومان لە بچووکترین تاوەکو گەورەترین زیان چارەسەر دەکرێ و زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە.''
جێگری پارێزگاری سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، راسپێردراون ''هەر ئەمڕۆ، لە سەرجەم ئەو ماڵانەی سەردانیان کراوە، راستەوخۆ دەست بکرێ بە نۆژەنکردنەوە یان چاککردنەوەی خانوو و ئۆتۆمبێلەکانیان. ئەوەی چاک دەکرێتەوە چاکی دەکەینەوە؛ ئەوەی کە پێویستیشی بە قەرەبووی ماڵی بێت، قەرەبوو دەکرێتەوە.''
شاهۆ عوسمان لەبارەی ئەو ماڵانەی تاوەکو ئێستا بۆ خەمڵاندنی زیانەکانیان سەردانیان نەکراوە، دەڵێت، ''رێنماییمان کردوون کە خۆیان سەردانی تیمەکانمان بکەن لە گەڕەکەکان و ئاگاداریان بکەنەوە.''
بەگوتەی شاهۆ عوسمان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بودجەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی شەڕەکە دابین دەکات و ''لەڕووی ماڵیشەوە هیچ چوارچێوەیەکمان بۆ دیاری نەکراوە، تەنیا ئەوەندە گوتراوە کە ئەگەر ماڵێک بە گوللەیەکیش زیانی بەرکەوتبێ، پێویستە زیانەکە چارەسەر بکرێت.''
کاتی شەڕەکە، کۆمەڵێک گەشتیار لە نزیک هۆتێل لالەزار بوون و دەگوترێ زیانیان بەرکەوتووە. جێگری پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، ''هەر زیانێک بەر هەر کەسێک کەوتبێت، ئێمە بەرپرسیارین و فەرمانمان پێکراوە بۆ چاککردنەوە و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان.''
شەوی 21-08-2025 هێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی داوای خۆبەدەستەوەدانی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل-یان کرد و گوتیان، فەرمانی دەستگیرکردنیان پێیە، ئەویش رەتیکردەوە.
دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە شەڕەکە کۆتاییهات، لاهوور شێخ جەنگی و دوو برای بە ناوەکانی ئاسۆ و پۆڵاد دەستگیر کران.
شاهۆ عوسمان لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە یانەی نەورۆزی سلێمانی کرد کە لەلایەن لاهوور شێخ جەنگییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و گوتی، ''تاوەکو ئێستا هیچ قسەیەک لەسەر یانەکە نەکراوە، بەڵام کاری ئەوان کاری وەرزشییە و لە چوارچێوەی یاسایەکدا رێکخراون، پێویست بە تێوەگلانیان لە هیچ بابەتێکی سیاسی ناکات.''
لە ئەنجامی شەڕەکەی لالەزاردا ژمارەیەک چەکدار دەستگیرکران کە بە ئەندامی ''هێزی دووپشک'' ناسراون و هێزی تایبەتی لاهوور شێخ جەنگین. جێگری پارێزگاری سلێمانی لەبارەی چارەنووسی ئەندامانی هێزەکە دەڵێت، ''هەر هێزێک دروست دەبێت، پێویستە فەرمانی هەبێت و لە چوارچێوەی یاسای هێزەکاندا رێکخرابێت، بەڵام ئێمە دەزانین کە ئەم هێزە بەو شێوەیە رێکنەخراوە و لە دەرەوەی یاسایە.''
شاهۆ عوسمان رایگەیاند، ''هیچ هێزێک و هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە و نابێت یاساشكێن بن. چی ئەوانەی [ئەندامی هێزەکەن و]دەستگیرکراون و چی ئەوانەی تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراون، پێویستە بەگوێرەی یاسا بچنە بەردەم دادوەر و هێزە ئەمنییەکان.''
پێشتر حاکم سەلاح حەسەن، گوتەبێژی دادگەی سلێمانیش بە رووداوی گوتبوو، فەرمانی دەستگیرکردنەکە بەگوێرەی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی بووە کە پەیوەستە بە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کەس و رێککەوتنیان لەسەر ئەنجامدانی تاوانێک یان چەند تاوانێک.