سهلاحهدین بههائهدین: هیچ کۆسپێک لە دەنگدان بە "بەڵێ" ساردمان ناکاتەوە
رووداو - هەولێر
ئهمینداری گشتیی یهكگرتووی ئیسلامی رایگەیاند، حیزبەکەی تێبینی لەسەر دۆخی حكومڕانی کوردستان هەیە بەڵام ئەوە نابێتە هۆی ئەوەی لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان نەبن. دەشڵێت "مەتڵەب و کاری خۆمان لەسەر کەس پەکناخەین".
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی حیزبەکەی، سهلاحهدین بههائهدین، ئهمینداری گشتیی یهكگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاندووە، لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندان، هاوکات هاوكار و هاوئاهەنگن لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە.
سهلاحهدین بههائهدین دەشڵێت "وێڕای ئەوەی تێبینیمان لەسەر دۆخی حكومڕانی هەرێمی کوردستان هەیە بەڵام ئەسڵ ئەوەیە ئێمەی یەکگرتوو بە بەڵێ دەنگ بدەین بۆ سەربەخۆیی کوردستان، چونکە ئەوە ستراتیژ و بەرنامەی کارمانە، مەتڵەب و کاری خۆمان لەسەر کەس پەکناخەین".
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو گوتوویەتی "ئێمە هەمیشە خەریكی نێوەندگیری بووین لەنێوان هێزە سیاسییەكان، بەشی زۆری ئەو ململانێیەی لە کوردستانیش هەیە ململانێی كۆنەقینە نەک شەڕی چاكسازی".
سهلاحهدین بههائهدین راشیگەیاندووە، ئەو لایەنانەی كە لەناو ئەنجوومەنی ریفراندۆمدا نین مانای ئەوە نییە كە لەگەڵ گشتپرسیی و سەربەخۆییدا نەبن.
لەبارەی هەڵوێستی نێودەوڵەتی، سهلاحهدین بەهائەدین رایگەیاندووە "دەبێت ئەوە بزانین كە هیچ كات وڵاتان فەرموومان لێناكەن بۆ ئەم هەنگاوە. بۆ دۆخی ناوخۆش بێگومان ئەگەر یەكڕیزی باشتر بەدەستهاتبا بۆ گشتپرسی باشتر دەبوو".
داڕشتنەوە: حەکیم داود