وەزارەتی پەروەردە: خوێندنی پۆلی 7 و 9ی کەمپەکانی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان راگیراوە

رووداو دجیتاڵ

پۆلەکانی 7 و 9ی بنەڕەتی لە قوتابخانەی کەمپەکانی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان مامۆستایان بۆ دابین نەکراوە و خوێندنیان راگیراوە، بریکاری وەزارەتی پەروەردەیش دەڵێت، تاوەکو ئێستا ئەوە لە ئەنجوومەنی وەزارەت باس نەکراوە، بەڵام وەزارەت چارەسەریان بۆ دەدۆزێتەوە.
 
د. سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "کێشەی راگرتنی خوێندنی پۆلەکانی 7 و 9ی بنەڕەتیی کەمپەکانی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان تاوەکو ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزارەت باس نەکراوە و بڕیاری لەبارەوە نەدراوە، بەڵام ئەو بابەتە ئەگەر بەو جۆرە بەردەوام ببێت دەبێتە کێشەیەکی گەورە."
 
بریکارەکەی وەزارەتی پەروەردە ئەوەی خستەڕوو، هۆکاری ئەوەیشی کە تاوەکو ئێستا ئەو کێشەیە لە ئەنجوومەنی وەزارەت باس نەکراوە ئەوەیە کە تازە دەست بە خوێندن کراوەتەوە و کێشەکەیش تازەیە.
 
د. سەیوان عەلی جەختی لەوە کردەوە کە بە دڵنیاییەوە ناکرێت ئەو ژمارە زۆرەی خوێندکارانی کەمپەکان لە خوێندن بێبەش ببن و، وەزارەتی پەروەردە چارەسەریان بۆ دەدۆزێتەوە.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 34 هەزار قوتابیی رۆژئاوای کوردستان دەخوێنن، تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 10 هەزار قوتابی لەناو کەمپەکاندا دەخوێنن، 57 قوتابخانەی تایبەت بە قوتابییانی رۆژئاوای کوردستانیش لە هەرێمی کوردستان هەن کە زۆرترینیان لە سنووری پارێزگای هەولێرن.