هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی 130 هەمەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەدات
رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری گرووپی راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند، "زیاتر لە 60 ئۆتۆمبێلیان" گواستووەتەوە بۆ کۆگەی "ئێم فۆڕ"ی وەزارەتی پێشمەرگە.
لە تویتەکەدا هاتووە، ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازییانە هاتووچۆی پێشمەرگە و توانای گواستنەوەی پاڵپشتیی لۆجستییان "بە شێوەیەکی زۆر باش بەرەوپێش دەبەن" لە شەڕی دژی داعشدا.
بەگوێرەی جێگری بەڕێوەبەری گرووپی راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، رۆژی چوارشەممەش، سەرووی 70 ئۆتۆمبێلی دیکەی سەربازی بۆ کۆگای "ئێم فۆڕ"ی وەزارەتی پێشمەرگە گواستراونەتەوە و رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە کراون.
ئەو ئامارانەی کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش خستوونیەتەڕوو ئەوە نیشاندەدەن، لەم دوو رۆژەدا کۆی گشتی، سەرووی 130 هەمەر و ئۆتۆمبێلی دیکەی سەربازی بە وەزارەتی پێشمەرگە دراون.
لەوبارەوە لیوا قارەمان کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ ئۆپەراسیۆنەکان رۆژی پێنجشەممە 23-09-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هاوپەیمانان "دەیان" ئۆتۆمبێلی جۆری هەمەریان پێشکێشی وەزارەتی پێشمەرگە کردووە و بە دوو کاروان گەیشتوونەتە بارەگای وەزارەتی پێشمەرگە.
رۆژی 8.9.2021 هاوپەیمانان 50 هەمەری گوللـەنەبڕ، 29 بارهەڵگری سەربازی، 23 شۆفڵ و حەفارە، 21 تەنکەری سووتەمەنی، 16 تەنکەری ئاو و 10 بارهەڵگری رزگارکەری پێشکێشی وەزارەتی پێشمەرگە کرد.
لە رێوڕەسمی وەرگرتنی هاوکارییەکاندا عەمید روکن هۆشمەند حەیدەر، جێگری سەرۆکی سوپاسالاری پێشمەرگە رایگەیاند، "سوپاسی رۆڵ و دۆستایەتیی هاوپەیمانان دەکەین کە قۆناخ بە قۆناخ لەگەڵمانن، پێشمەرگەش وەکو هێزی هاوپەیمان و شەڕکەر سوودی زۆری لە هاوکارییەکان بینیوە و هاوکارییەکانیان بەرز دەنرخێنین و داوادەکەین بەردەوامبن".
هاوکات عەقید تاد بورز، گەورە راوێژکاری هێزەکانی هاوپەیمانان لە کوردستان رایگەیاند، "شانازییەکی گەورەیە لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدام و ئێمە و پێشمەرگە دووژمنێکی هاوبەشمان هەیە".
رۆژی 28-07-2021یش نزیکەی 60 هەمەر، بارهەڵگر و ئەمبوڵانس لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە کران. لیوا قارەمان دەڵێت، "ئەو هاوکارییانە بەردەوام دەبن".
رۆژی 26-07-2021 هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی 50 هەمەر، سێ تانکی ئاو و 25 بارهەڵگری مامناوەندی رادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کرد. لەوبارەوە سەنتەرى ميديایی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "لە درێژەی ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی هاوپەیمانان پێشکێش بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانی دەکەن، بەشێک لەو هاوکارییانە گەیشتنە دەست هێزەکانی پێشمەرگە و لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان واژۆی پێدان و وەرگرتنی ئەو هاوکارییانە لەلایەن هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا".
ئەم پرۆگرامی هاوکاری و پڕچەککردنەی لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ساڵی 2014وە دەستیپێکردووە و بەردەوام هێزەکانی هاوپەیمانان کۆمەک و هاوکاریی پێشمەرگەیان کردووە.