یەکێتیی مامۆستایان: دەبێت حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتیی مووچەی مامۆستایان لە ئەستۆ بگرێت

رووداو دیجیتاڵ 

10 رۆژە دەرگای قوتابخانەکان کراوەتەوە، بەڵام لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ئەو دوو پارێزگایە بەشێکی مامۆستایانی وانەبێژ و میلاک بایکۆتی دەوامیان کردووە. سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، لە هەوڵدان کێشەی مامۆستایان چارەسەر بکەن.
 
لە 13ـی ئەیلوولەوە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان، بەشێکی مامۆستایان و وانەبێژانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین بایکۆتی دەوامیان کردووە و ناچنە هۆڵەکانی خوێندنەوە. ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئەیلوولی 2023، کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بایکۆت لە سنووری پەروەردەکانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان، ئیدارەی راپەڕین، پێنجوێن، کۆیە، شارەزوور، شارباژێڕ و قەرەداخ بەردەوامە؛ داواکاریی سەرەکیمان دامەزراندنمانە، ئەگەر بەشێوەی گرێبەستیش بێت".
 
هەر ئەمڕۆ شەممە، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەشێکی مامۆستایان خۆیان بڕیاری بایکۆتیان داوە و خۆشیان بڕیار دەدەن دەگەڕێنەوە یان نا. بەشێکیشیان دەوام دەکەن. ئێمە لە کۆبوونەوەی خۆماندا بڕیاری پشتگیریکردنی مامۆستایانمان داوە. ئەوانەی کە دەوام دەکەن و ئەوانەشی بایکۆتیان کردووە".
 
ئەحمەد گەرمیانیی گوتی، وەکو یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدەن بە زووترین کات کێشەی مامۆستایان چارەسەر بکەن؛ گوتیشی، "ئێمە لەگەڵ دەوامکردنی مامۆستایانین، بەڵام دەبێت پێش ئەوەی مامۆستا دەوام بکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەکەی بۆ دابینبکات. دەبێت حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتی لە دابینکردنی مووچەکە لەئەستۆ بگرێت".
 
دوێنێ هەینی، عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تائێستا مووچەی یەک مانگیش دابەشنەکراوە تاوەکو مامۆستایان بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن، بۆیە بایکۆتی مامۆستایان بەردەوامە و ئامادەنین بەبێ وەرگرتنی مووچە دەوام بکەن."
 
عەتا ئەحمەد گوتیشی، "یەکێک لە نیگەرانییەکانمان ئەوەیە حکومەت پەیوەندییان پێوە نەکردووین بۆ ئەوەی هیچ نەبێت گوێ لە داواکارییەکانمان بگرن. کەس لەگەڵمان کۆنەبووەتەوە و هیچمان پێ نەگوتراوە. ئەوەش وایکردووە کە مامۆستایان بڵێن بێ وەرگرتنی مووچە ناگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن".
 
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان ئاماژەی بەوەکرد، "مامۆستا عەتا [ئەحمەد] بۆچوونی کەسیی خۆی گوتووە، نەوەکو یەکێتی مامۆستایان، چونکە مەکتەبی سکرتارییەتمان هیچ بڕیارێکی لەو بارەیەوە نەداوە. ئێمە پشتگیریی هەموو مامۆستایانین بێ جیاوازی".
 
ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان 36 هەزار و 542 مامۆستایە. مووچەی وانەبێژان لە نێوان 200 بۆ 400 هەزار دیناردایە؛ کۆی پارەی مووچەی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان 13 ملیار و 200 ملیۆن دینارە، بۆ ئەوەی هەموویان بکرێن بە گرێبەست زیاتر لە چوار ملیار دیناری دیکە پێویستە.