نزمترین پلەی گەرما لە حاجی ئۆمەران تۆمارکرا
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نزمترین پلەی گەرما لە حاجی ئۆمەران تۆمارکرا، کە 6 پلەی سیلیزی بوو؛ کەشناسێکیش دەڵێت: "لە سێ رۆژی داهاتوو و سەری مانگدا شەپۆلێک روو لە ناوچەکەمان دەکات."
ئەمڕۆ سێشەممە 23ی 9ی 2025، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "نزمترین پلەی گەرما لە ناوچەی حاجی ئۆمەران تۆمارکراوە و 6 پلەی سیلیزییە. خێرایی با، مام ناوەندە و 10 بۆ 25 کیلۆمەتر دەبێت لە کاژێرێکدا؛ لە هەندی ناوچەی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان و گەرمیان، با چالاک دەبێت بۆ سەرووی 30 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا."
لەبارەی ئەم رەشەبایەی دوو رۆژە رووی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت: "سبەی ئێوارە رەشەباکە کەم دەبێتەوە و لە رۆژانی داهاتووشدا نامێنێت."
لەبارەی دابەزینی پلەی گەرما و بارانبارینەوە، ئەو کەشناسە روونیکردەوە، "لە سێ رۆژی داهاتوو و سەری مانگدا شەپۆلێک روو لە ناوچەکەمان دەکات؛ بەڵام پێشبینیکردن تۆزێک ئاڵۆزە و نازانرێ ئایا شێی لەگەڵ دەبێت تاوەکو ببێتە باران یان نا؛ بەڵام دوو شەپۆل بەڕێوەن و پێشبینیش دەکرێت پلەی گەرما دوو سێ پلە بەرز ببێتەوە."
کەشناسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی پلەی گەرمای سبەیەوە دەڵێت: "یەک تاوەکو دوو پلە بەرزدەبێتەوە."
بەگوێرەی بەڕیوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرمای پێشبینیکراوی سبەی بەم شێوەیە:
سلێمانی: 31 پلەی سیلیزی
دهۆک : 32 پلەی سیلیزی
ئامێدی: 27 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 31 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 34 پلەی سیلیزی
زاخۆ: پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 30 پلەی سیلیزی
سۆران: 28 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 16پلەی سیلیزی
گەرمیان: 36 پلەی سیلیزی