ئەکبەر حاجی رۆستەم چۆن کوژرا؟
رووداو دیجیتاڵ
پاشنیوەڕۆی 22ی ئەیلوولی 2025، ئەکبەر حاجی رۆستەم، کەسایەتیی دیاری گەرمیان لە گوندی ئۆمەربلی سەر بە ناحیەی جەبارەی شارۆچکەی کفری بە دەستڕێژی گوللە "تیرۆرکرا". ئەم رووداوە کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش داوای دەستگیرکردنی تاوانبارانی کرد.
وردەکاریی رووداوەکە
بەپێی زانیارییەکان، ئەکبەر حاجی رۆستەم کە تەمەنی 70 ساڵ بووە و باوکی 24 کوڕ و کچ بووە، دوای گەڕانەوەی لە هەولێر و گەیشتنی بە گوندەکەی خۆی، لە خانوویەکی چۆڵدا لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکەی، لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە کوژرا. خانووەکە بێ پەرژین و دیوار بووە و "تاوانبارەکە بە دەمانچە و لە نزیکەوە تەقەی لێکردووە."
ئەحمەد حوسێن، شایەتحاڵێک، بە رووداوی راگەیاند: "گەڕاوەتەوە لێرە دابەزیوە، کوڕەکەی لێرە سەرقاڵی جووتکردن بووە، ئەو جووتەکەی تەواو کردووە و رۆیشتووەتەوە بۆ ماڵ، دوای ئەوە گوتوویانە باوکت دیار نییە، هاتووەتەوە و بینیویەتی لێرە کوژراوە."
دوای رووداوەکە، بکوژەکە بە ئۆتۆمبێلی کوژراو شوێنەکەی جێهێشتووە. بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێری لە نزیک گوندی (دوازدەئیمام) دەرکەوتووە، بەڵام لەو کاتەدا بە دەستی رووخساری داپۆشیوە و بەرەو سەرچەم لە نزیک ناحیەی جەبارە چووە.