"سەردانەكەی بەرهەم ساڵح بۆ ئێران بۆ تاووتوێكردنی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێیە"

رووداو – هەولێر

گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی رایگەیاند كە بەرهەم ساڵح سەردانی ئێران دەكات، بەڵام نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران لەو سەردانە بێئاگایە، سەركونسوڵی گشتیی ئێرانیش لە هەولێر دەڵێ مەبەستی سەردانەكە تاووتوێكردنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
 
ئازاد جندیانی، گوتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چەند رۆژ لەمەوبەر هەواڵی سەردانی بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی بۆ ئێران راگەیاند‌و گوتی "لە رۆژانی داهاتوودا ئەجێندای ئەو سەردانە لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا باسدەكرێ".

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران، سەبارەت بە سەردانەكەی بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئێران، كە بڕیارە بەم نزیكانە ئەنجامبدرێ، بێئاگایی خۆی لەو سەردانە نیشاندا.

نازم دەباغ بە (رووداو)ی گوت "بێئاگام لەوەی لەم كاتەدا هیچ بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یاخود بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی ئێران بكات".

لای خۆیەوە سەید عەزیم حوسێنی، سەركونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند "راستە بەرهەم ساڵح سەردانی ئێران دەكات". سەبارەت بە ئەجێندای سەردانەكەش گوتی "تێیدا باس لە مەسەلەی چۆنێتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێ".

نازم دەباغ، قسەكانی ئازاد جندیانی رەتنەكردەوە كە بەرهەم ساڵح سەردانی ئێران دەكات، بەڵام گوتی "هەمیشە چاوەڕوانی سەردانی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ ئێران، لە كاتی پێویستدا".