شۆفێری پاسەکان داوادەکەن نرخی گواستنەوەی سەرنشین لە 500 دینارەوە بکرێتە 750 دینار
رووداو دیجیتاڵ
شۆفێری پاسەکان داوادەکەن نرخی گواستنەوەی سەرنشین لە 500 دینارەوە بکرێتە 750 دینار، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگرە لە زیادکردنەوەی نرخ، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر دەڵێت: هەوڵدەدەین پشتگیری خاوەن پاسەکان بکرێت و سووتەمەنییان بۆ دابینبکرێت، بەڵام رێگرین لە گرانکردنی نرخ.
جەلال ئەبوبەکر، سەرۆکی سەندیکای گواستنەوەی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند "ئەگەر نرخی گواستنەوەی سەرنشین لە 500 دینارەوە بۆ 750 دینار زیادبکرێت کێشەکە چارەسەر نابێت."
ئەمە هۆشداری سەرۆکی سەندیکای گواستنەوەی سلێمانییە لەبارەی کرێی پاسی ناوشار. لەناو شارەکانی هەرێمی کوردستاندا، کرێی پاس بە 500 دینارە، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و گاز، ناڕەزایەتی شۆفێرانی لێکەوتووەتەوە و بۆ ئەوەی کرێ وەکو خۆی بمێنێتەوە، داوای کەمکردنەوەی نرخی سووتەمەنی دەکەن کە بەراورد بە نرخی پێشووی خۆی هەر لیترێک 300 بۆ 450 گرانبووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵدەدات رێگەیەک بۆ گرفتی خاوەن پاسەکان بدۆزێتەوە.
لەبارەی کرێی پاس لەنێو شاری هەولێر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند "رێگەنادەین نرخی پاس گرانبکرێت، چونکە ئەوانەی هاتووچۆ دەکەن خەڵکی هەژارن و کرێکارن و هاووڵاتی ئاسایین. لەگەڵ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن سەرقاڵی ئەوەین کە دوو بەنزینخانە بۆ خاوەن پاسەکان ئامادە بکرێت و نرخەکەی گونجاو بێت بۆ ئەوان."
دوای بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و ناڕەزایەتی خاوەن پاسەکان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵی ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە کرێی پاسەکانی نێوشاری سلێمانی لە 500 دینارەوە کراوەتە 750 دینار و لە شارەکانی دیکەش نرخەکە بەرزدەبێتەوە. هەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە، سبەی پارێزگار و قایمقامی سلێمانی لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کۆدەبێتەوە.