ئەردۆغان: دیاربەکر هێمای مرۆڤە رەسەنەکانە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا، ئامەدی باکووری کوردستانی بە هێمای "مرۆڤە رەسەنەکان" ناوبرد و رایگەیاند: "رێگەمان بەو کەسانە نەدا دەیانویست جوگرافیای بەرفراوانی دیاربەکر بکەنە شوێنی وڕێنەی ئایدۆلۆژی. چۆکمان دانەدا بەرامبەر ئەوانەی هەوڵیاندا خەنجەر لە دڵی جوگرافیایەکەمان بدەن، لەلایەن ئەو رەگە ژەهراوییانەی لە ئەوروپا و ئەمریکاوە پشتیوانییان دەکرا." 
 
گوتارەکەی ئەردۆغان ئەمڕۆ یەکشەممە 23-10-2022 لە گۆڕەپانی ئیستاسیۆن لە ئامەدی باکووری کوردستان لە "رێوڕەسمی کردنەوەی 140 پرۆژەی خزمەتگوزاریی" پێشکێشکرد. 
 
ئەردۆغان جەختیکردەوە کە جیاکاری لە دژی هیچ نەتەوەیەک ناکرێت و تەواوی نەتەوەکان بە تورک، کورد، لاز و چەرکەزەوە بە برایانە لە تورکیادا دەژین. گوتی: "سەردەمێک بۆ تێکدانی ئەو پێکەوەژیانە هەموو رێگەیەک تاقیکرایەوە، بەڵام نەیانزانی خۆشەویستی نێوان ئێمە لە دڵەوەیە. رێگەمان بەو کەسانە نەدا کە دەیانویست جوگرافیای بەرفراوانی دیاربەکر بکەنە شوێنی وڕێنەی ئایدۆلۆژی. چۆکمان دانەدا بەرامبەر ئەوانەی هەوڵیاندا خەنجەر لە دڵی جوگرافیایەکەمان بدەن، بەتایبەت لەلایەن ئەو رەگە ژەهراوییانەی لە ئەوروپا و ئەمریکاوە پشتیوانییان دەکرا. هەوڵدەدەین وڵاتەکەمان بکەینە دوورگەی ئارامی. کاتێکیش ئەمە بەجێ دەگەیێنین رێکخراوە تیرۆریستییەکان کە سەرەداوەکەیان بە دەستی ئیمپریالیستەکانە ناتوانن ببنە بەربەست." 
 
سەرۆککۆماری تورکیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی جارێکی دیکە بە جۆش و خرۆشەوە بە دیداری ئامەدییەکان شادبووەتەوە. ئاماژەی بەوەدا کە تەنیا تێچووی وەبەرهێنانی ئەو پڕۆژانەی ئەمڕۆ کراونەتەوە پێنج ملیار و 125 ملیۆن لیرە [276 ملیۆن دۆلار] بووە. هەروەها کۆی گشتیی تێچووی 140 پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئامەد، بە بەهای 12.3 ملیار لیرە [664 ملیۆن دۆلار] بووە. 
 
ئەردۆغان پەنجەی تۆمەتی ئاراستەی پەکەکە و هەدەپە کرد، لە تێکدانی دۆخی ئامەد و رەتیکردەوە هێمای ئەو شارە "تیرۆر" بێت، بەڵکو فێستیڤاڵی کولتووری سوورە کە بەسەرکەوتوویی کارەکانی تەواوکراوە. گوتی: "هێمای دیاربەکر، ستەمکاری و ئازارچەشتن نییە، بەڵکو ئەو کارگانەن کە ئەمڕۆ کردمانەوە. هێمای دیاربەکر خراپ بەکارهێنانی نییە لەلایەن پەکەکە یان لەڕێلادانی نییە لەلایەن هەدەپە. ئەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەدا نمایشمان کرد برایەتی، خۆشەویستی و پێکەوەییە. ئەی داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ لە خۆرئاوا لە کوێن؟ بۆ جارێک نایەن سەردانی دایکانی مانگرتووی دیاربەکر بکەن کە منداڵەکانیان بۆ قەندیل رفێندراون؟ ئەوان ئەکتەری سەر تەختی شانۆن نەک داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ، خوشک و براکانمان لە دیاربەکر وەستانەوە و چۆکیان بۆ ئەوان دانەدا. هێمای دیاربەکر ئەو رەوتە سیاسی و تیرۆریانە نین کە خەڵکی شار وەک کۆیلەی زنجیرکراو دەبینن، بەڵکو ئەو مرۆڤە رەسەنان کە داکۆکی لە رەگوڕیشە، باوەڕ، کولتووری و شارستانیەتی خۆیان دەکەن." 

 

 
سەرۆککۆماری تورکیا، ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە ئامەد زێدی پێغەمبەر ئیلیاس و پێغەمبەر زولکیفە کە لە قورئانی پیرۆزدا ناویان هاتووە و بە درێژایی مێژووش چەندین پیاوچاک و کەسایەتی دیار لەم شارەدا ژیاون. گوتیشی: "هەربۆیە دەڵێم با هەموومان پێکەوە پارێزگاری لە رەنگینی دیاربەکر بکەین و مێژووی هەزاران ساڵەی بپارێزین. لە کاتێکدا کە شارە دێرینەکانی ئەم ناوچەیە وەک دیمەشق، بەغدا و قوودس کە بەهێندەی مێژووی مرۆڤایەتی تەمەنیان هەیە، کەچی وەک دەبینن چەند سەرگەردانن. با بە هەر 80 پارێزگاکەی دیکەی وڵاتەکەمان ئەستێرەی دیاربەکر بەرز بکەینەوە. چونکە ئەم شارە گلێنەی چاوی گەل و نیشتمانە." 
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشدا کە ئەگەر رووباری دیجلە، کوچە و کۆڵان و شوراکانی دیاربەکر زمانیان هەبووایە، باسیان لە رەسەنایەتی میراتی شارستانی و پێگەی مێژوویی، کولتووری، هونەری و بازرگانی ئەم شارە دەکرد. گوتیشی: "ئەوانەی بەردەوام باس لە 'کورد' دەکەن و ئەم شارەیان نوقمی خوێن و ستەم کردووە، ئەوانە هیچ پەیوەندییەکیان بە کوردایەتییەوە نییە، ئەوەی کە گەورەترین ستەمیشی لە خوشک و برا کوردەکانمان کردووە، ئەمانەن. هەر ئەمان نەبوون کە رۆڵەی خێزانە کوردەکانیان دەڕفاند بۆ قەندیل؟ تەنیا حەوت مانگ ماوە، دوای حەوت مانگ هەڵبژاردن دەکرێت باجی هەموو ئەم کارانەیان بدەن." 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوەش کرد کە وەک چۆن هەموو شەوێک سپێدەی بەیانی بەدوادا دێت، ئاواش رۆژە سەختەکانی شاری دیاربەکر کۆتاییان دێت و رایگەیاند: "ئەو کەسەی [دەمیرتاش] ئێستا لە زیندانی ئەدیرنەیە، ئایا هیچ پەیوەندییەکی بە کوردایەتییەوە هەیە؟ نەخێر ئەمە کورد نییە. بەڵکو چەوسێنەری خوشک و برا کوردەکانمانە. هەر خوشک و برا کوردەکانیشم لەسەر ئەم کارانەی سزای دەدەن. ئێستا هاوسەرۆکێکیشیان هەیە، ئەی ئەوانە کوردن؟ نەخێر. بەڵکو ئەمانەش، خوشک و برا کوردەکان دەچەوسێننەوە. سوپاس بۆ خوا ئیدی دیاربەکر بووەتە شاری ئارامی و دەتوانن لێرە لە ئاسایشدا بژین. بەڵام بۆ ئاسایشی ئێوە بەتەنیا ئاسایشی دیاربەکر بەس نییە، بەڵکو ئاسایشی سووریا و عێراق و هەموو ناوچەکەش پێویستە. ئێمە هەوڵدەدەین هەر چوار لای وڵاتەکەمان بکەینە دوورگەیەکی ئارام. نە رێکخراوە تیرۆریستییەکان و نە دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکانی پاڵپشتیشیان ناتوانن رێگری بکەن لە گەیشتنمان بەم ئامانجە." 
 
لەبارەی گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئامەد، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: "گرتووخانەی دیاربەکر کە ستەمکاری و خراپەکاریی رابردوو بە بیر دەهێنێتەوە وەک شوێنێک کە لە یادگەدا ماوەتەوە، بۆ داهاتوو چالاکی جۆراوجۆری لێ ئەنجام دەدرێت. وەزارەتی داد بە تەواوی گرتووخانەکەی چۆڵکرد. لەمڕۆوە گرتووخانەکە لە وەزارەتی دادەوە رادەستی وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزار کراوە. ئیدی بینای گرتووخانەی دیاربەکر لە مۆزەخانەوە تا کتێبخانە و یەکەی کولتووری و ھونەری بەشێکی زۆر لەخۆ دەگرێت."